لەسەر ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل، سپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوه له بەحرین دەکات.
سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەوڵه یەک لەدوای یەکەکانی ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل به سەرپەرشتیی ئەمەریکا و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاته سەرناگرێت، هەوڵەکان لەلایەن موسڵمانان پێچەوانه دەکرێنەوه و ئیسرائیل لەسەر نەخشەی وڵاتانی ئیسلامی لادەدرێت.
ئەو هەڕەشانەی سوپای پاسداران، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوەیە کە ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی لەلایەن بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بڵاوکرایەوە.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا سوپای پاسداران هەڕەشە دەکات و دەڵێ “فەرمانڕەوای جەلادی بەحرین، دەبێت چاوەڕوانی تۆڵەسەندنەوەی توندی موجاهیدانی قودس و خەڵکی موسڵمان و بە غیرەتی ئەم وڵاتە بێت”.
سوپای پاسداران پێیوایه بڕیاری ئاسایی کردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، هەوڵی ئەمریکایه بۆ پاراستنی ئیسڕائیل، هەروەها بۆ ئەوەیه دەرگای کەنداو و دەریای عەمان بەڕووی ئیسڕائیلدا بکرێتەوه.
دەشڵێت “ئەم هەوڵانه هیچ دەستکەوتێکیان بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی نابێت و موسڵمانان تۆڵەی ئەمانه له ئیسڕائیل دەکەنەوه”.
شایانی باسە ڕاگەیەندراوی سپای پاسداران دوای ئەوه دێت، ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، گۆڕانكاری گهوره له رۆژههڵاتی ناوهڕاست روودهدات، کە له باوهڕی هیچ كهسێكدا نییه و “ئێستاش وڵاتی بەحرین چووهته ناو رێككهوتننامهی ئاشتیی ئیسرائیل و ئیمارات، كه لە داهاتوودا و له رۆژێكی مێژووییدا له كۆشكی سپی واژۆ دهكرێت و نوێنهرانی ههرسێ وڵات ئامادهدهبن.