١٠ ئەندامی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ئاکامی بوردومانی فڕۆکەکانی ئیسڕائیل لە سووریە کوژران و چەندین کەسیشیان بریندار بوون.
سەرچاوەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە ٦ تەقینەوەی گەورە، بەیانی ڕۆژی دووشەممە شاری ئەلبووکەماڵی لە ناوچەی دێرەزوور هەژاند.
لە هێرشی فرۆکەکانی ئیسڕائیل بە مەبەستی لێدان لە میلیشیاکانی هاوپەیمانی ڕێژیمی ئێران کە لە ناوچەی “سەلاسات” لە باشووری ئەلبووکەمال لە نزیک سنووری سووریە و عێراق لە ناوچەی دێرەزوور بوو، ئاکامی ئەم هێرشە بوو بە هۆی کوشتنی ١٠کەس لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
هەر بەپێی ئەم هەواڵە فرۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل، هێزە ئێرانیەکان و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە ناوچەی سەلاسات لە دەشتی ئەلبووکەماڵیان کردە ئامانج کە کوژران و بریندار بوونی دەیان ئەندامی ئەو گرووپانەی لێکەوتەوە.
چاوەدێرانی مافی مرۆڤی سووریە، کوژرانی ٩ کەس و بریندار بوونی چەند کەسێکی دیکەیان پشتڕاست کردەوە.
لە هەمان کاتدا ئیسرائیل هەڕەشەی توندتر کردنی هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارانی ئێرانی و میلیشیا و گرووپەکانی هاوپەیمانیان دەکات و دەڵێ هێرشەکانمان توندتر دەکەین.
جێگای ئاماژەیە لە هێرشی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی حیزبوڵای لوبنان لە ٥ کیلۆمتری قەڵای “ئەلڕەحبە” ٧ میلیشیای حیزبوڵا کوژران و کۆگایەکی گەورەی چەک و تەقەمەنی و چەندین ماشینی سەربازی و بارهەڵگریان بە تەواوەتی سووتا.
شایانی باسە کە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە تێلئەڤیڤ هێرشەکانی خۆیان دژ بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە توندتر دەکەن، لە بەر ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاوکاری گرووپەکانی هاوپەیمانی خۆی لە هەوڵی مانەوەی زیاتر و بەربڵاوتری خۆی دەدا لەو وڵاتە.
شایانی باسە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل سەدان جار هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی سپای قودسی ئێرانی و هاوپەیمانەکانی لە سووریە و عێراقدا بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران توانای هیچ وڵامدانەوەیەکی نییە و بەردەوام بێدەنگیی هەڵبژاردووە.