ڕۆژی ٢٦ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٧١ی هه‌تاوی، (١٧ی سیپتامری ١٩٩٢ی زایینی) ده‌ستی ڕه‌شی تێرۆری كۆماری ئیسلامیی ئێران گه‌یشته ڕێستوڕانتی میكۆنۆس له به‌رلین، پایته‌ختی وڵاتی ئاڵمان و به شه‌هید كردنی هاوڕێیان دوكتور سادق شه‌ڕه‌فكه‌ندی، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستان، فه‌تاح عه‌بدولی، نوێنه‌ری حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هۆمایون ئه‌رده‌ڵان، به‌رپرسی حیزب له ئاڵمان و نوری دێهكوردی، دۆستی حیزب، لاپه‌ڕه‌یه‌كی ڕه‌شی دیكه‌ی خسته سه‌ر كارنامه‌ی پڕاوپڕ له جینایه‌تی ئه‌و ڕێژیمه دژی مرۆڤه.
دوكتور سادق شه‌ڕه‌فكه‌ندی یه‌كێك له‌و ڕێبه‌ره بەوەجانەی حیزبی دێموكرات و گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو كه زۆر تایبه‌تمه‌ندیی شۆڕشگێڕانه و مرۆڤدۆستانه‌ی له خۆیدا كۆ كردبوونه‌وه. دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی مرۆڤێكی خوێنده‌وار، وردبین، خاکەڕایی و دڵسۆز بوو. ئه‌و كه‌سێكی مودیر، ته‌شكیلاتی و جیددی بوو. دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی ڕێبەرێکی ئەوتۆ بوو كه دوای شه‌هید كرانی ڕێبه‌ری كاریزما، شه‌هید دوكتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو توانی به لێوه‌شاوه‌یی كه‌لێنی ئه‌و ڕێبه‌ره تا ڕادده‌یه‌كی به‌رچاو پڕ بكاته‌وه و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێهیوا بكا له‌وه‌ی كه حیزبی دێموكڕات و گه‌لی كورد بێڕێبهر بمێنێتەوە و خه‌باتی ڕزگاریخوازیی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له گه‌شه‌كردن وبه‌ره‌وپێشچوون بكه‌وێ. هه‌ر بۆیه دوای تیڕۆڕی شه‌هید دوكتور قاسملوو له ڕاده‌ی هه‌ره به‌رزی ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیم‌دا ده‌ستیان كرد به پیلاندانان بۆ تێرۆری دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی.
دووباره‌كردنه‌وه‌ی جینایه‌تی وییه‌ن له بێرلین دەرەنجامی ئه‌و بێده‌نگییه پاساوهەڵنەگرەی ده‌وڵه‌تی ئوتریش، یه‌كیه‌تیی ئورووپا و كۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر كه‌یسی تیڕۆڕی شه‌هید دوكتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملو بوو کە بە هاوکاریی تێرۆریستەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بەڕێوە چوو. ڕێژیمی جینایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی توانیبووی له‌نێو دڵی دنیای ئازاد و بانگەشەکەری مافی مرۆڤ، عهداڵهتپهروهر و قانوونمهنددا، له‌سه‌ر مێزی وتووێژ، ڕێبه‌رێكی وه‌ك دوكتور قاسملوق تیڕۆڕ بكا و بۆشی بچێته سه‌ر و تێرۆریسته‌كان بێئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت لێکۆڵینەوەیان لێ بكرێ، بۆی بنێردرێنه‌وه. به‌ڵام ئه‌و جاره‌یان خه‌یاڵی ڕێژیمی جینایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی خاو بوو. چونکی له سایه‌ی ئازایه‌تی و لێپرسراویی پۆلیس و قازییهكانی ئاڵمان، هه‌روه‌ها ئەرکوەخۆگریی كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی ده‌روه‌ست و دڵسۆز بۆ داهاتوی ئێران، گوشار و لۆبیگەرییەکانی كۆماری ئیسلامی بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و جینایه‌ته‌ش وه‌ك جینایه‌تی وییه‌ن كاری نه‌كرد. ده‌مامكه‌كان لادران و عه‌داڵه‌ت ڕێڕه‌وی خۆی بڕی و كۆماری ئیسلامی له ڕادده‌ی به‌رپرسانی ههرەبەرزدا مه‌حكوم كرا. جێبهجێكهرانی تێرۆرەکەش بەپێی قانوونەکانی ئەڵمان سزا دران و گەڵاڵە داڕێژەرانی ئەم جینایەتەش وه‌ك تاوانباری سه‌ره‌كی ناسران.
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان!
خه‌ڵكی خه‌باتگێڕ و مافخوازی كوردستان!
به تێپه‌ڕینی كه‌یسی تیڕۆڕی دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی و هاوڕێیانی به ده‌روازه‌ی عه‌داڵه‌تدا برینی له‌ده‌ستدانی بلیمه‌تێكی ئاوا به‌ته‌واوی ساڕ‌ێژ نه‌بوو و ساڕ‌ێژ نابێ. مه‌حكومكرانی ڕێژیمی جینایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی له دادگای به‌رلیندا ئه‌گه‌رچی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و ڕێژیمه دژی ئینسانییه‌ی نیشان دا و له لایه‌ن وڵاتانی ئورووپایی و كۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌ییشه‌وه كۆمه‌ڵێك فشاری خرایە سه‌ر ئه‌م ڕێژیمه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی زیانه ڕوحی، مادی و مهعنهوییەکانی ئەم خەسارە بۆ بنەماڵەی شەهیدانی میکۆنووس و زیانه ته‌شكیلاتی، ڕوحی و كارگێڕییەکانی لە حیزبی دێموكرات وگه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان قه‌ره‌بو بكاته‌وه. چونكه دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی له پانتایی خه‌باتی ڕزگاریخوازیی گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له گۆڕەپانی جووڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازیی گه‌لانی ئێران به گشتی و، له لەئاستی بەڕێوەبەریی خه‌باتی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا به‌تایبه‌تی زۆر بەجوانی دره‌وشابۆوه و به هه‌مان ڕێچكه‌ی دوكتور قاسملوی ڕێبه‌ردا به توندوتۆڵی ڕێبەرایەتیی خه‌باتی حیزبی دێموکراتی دەکرد. کۆماری ئیسلامی زۆر به تێبینییه‌وه قوربانیی دووه‌می خۆی له ڕاده‌ی سەرووی ڕێبه‌رانی حیزب‌دا هه‌ڵبژاردبوو. دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی هه‌ر له دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایه‌تی و ده‌ست پێكردنی خه‌باتی ئاشكرای حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران‌دا، یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه هه‌ره شوێندانهرهكانی نێو ڕیزه‌كانی حیزبی دێموكرات و جووڵانه‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو. ئه‌و له هه‌وه‌ڵین ڕۆژه‌كانی په‌ره‌گرتنی خه‌باتی حیزب و وه‌ستانه‌وه‌ی ڕێژیمی ئاخوندی له دژی خه‌ڵكی كوردستان، به ئیمانه‌وه هاته مه‌یدانی خه‌بات و ژیانی ئاسایی خۆی وه‌لا نا و، به وێنه‌ی ڕێبه‌رێكی خاكی و بێ چاوه‌ڕوانی و به‌بێ هیچ داوایه‌كی شه‌خسی مه‌یدانی خه‌باتی هه‌ڵبژارد، كورسیی مامۆستایەتیی زانكۆی به‌جێ هێشت و ڕووی له چیاكانی كوردستان كرد. دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژه‌كانی هاتنه نێو مه‌یدانی به‌كرده‌وه‌ی حیزبایه‌تی له سه‌رشاخانی ناوچه‌ی مهاباد له ژێر چادردا جێگیر بوو. ئیدی ڕووی له ژیانی ئاسایی وه‌رگێڕا و بوو به هاواڵی هه‌ڵۆ سه‌ربه‌رزه‌كانی چیاكانی كوردستان و تا دوا هه‌ناسه‌ی ژیانی هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه پیرۆزه مایه‌وه و له پێناوی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌كه‌یدا گیان و ژیانی خۆی له‌سه‌ر ته‌به‌قی ئیخلاس دانا.
دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی به ئاگادارییه‌كی باشه‌وه له سه‌ر مێژووی خه‌باتی گه‌لی كورد و به ناسینێكی قووڵه‌وه له كۆمه‌ڵگەی كوردستان هاتبووە نێو سه‌نگه‌ری خه‌بات. ئه‌و ڕووناكبیرێكی نه‌ته‌وه‌یی بوو و به زانستێكی زۆره‌وه و به ئاگاداری له‌سه‌ر هه‌مو جووڵانه‌وه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕزگاریخوازییهكانی جیهان، خه‌باتی كوردایه‌تیی هه‌ڵبژاردبوو. دەڕاستای سەرخستنی ئەو خەباتەشدا هه‌موو وزەی خەباتگێری و توانای زانستی و مەیدانیی خۆی ته‌رخان كردبوو. نووسینه‌كان، هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان و كرده‌وه‌كانی ئه‌و ڕێبه‌ره خاكی و بێ ئالایشه، سەلمێنهری ئه‌وه‌ن كه دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی سیاسه‌تی بۆ خزمه‌ت به كوردایه‌تی به‌كار دێنا، نه‌ك كوردایه‌تی به‌كار بێنێ بۆ سیاسه‌ت.
دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی هه‌ر له‌و كاته‌دا كه حیزبییەکی زۆر به‌دیسیپلین بوو، باكیشی له‌وه نه‌بوو كه به چاوی ڕه‌خنه‌گرانه بڕوانێته كار و تێكۆشانی حیزبی و زۆرجار ڕه‌خنه‌شی لێ بگرێ و ڕێگای چاره‌سه‌ری گرفته‌كانیش نیشان بدا. ئه‌و حیزبی وه‌ك ئامڕازێك ده‌دی بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجێكی گه‌وره‌تر له حیزب كه مافی دیاریكردنی چاره‌نووس بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو. دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی سنووره کێشراوەکانی نێوان به‌شه‌كانی كوردستانی بە جەبری ژئوپۆلۆتیک و بەدەر لە ئیرادەی سیاسی و نەتەوەیی کورد دادەنا. ئەو هه‌رچه‌ند خه‌باتی خۆی و حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی به ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه گرێ ده‌دا، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر پرسی کورد لە به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیشدا خه‌مسارد نه‌بوو. ئه‌وه وه‌ك مێژوو تۆماركراوه كه له كاتی ته‌نگانه‌دا، هه‌م حیزبی دێموكڕاتی كوردستان و هه‌م ڕێبه‌رانی و له نێویاندا دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی چه‌نده هه‌وڵیان داوه یارمه‌تی به خۆشك و براكانیان له به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكه‌ن.
دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی باوه‌ڕی به‌هێزی به سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردان هه‌بوو. هه‌م بۆ حیزبه‌كه‌ی و هه‌م بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی. ئه‌و پێی وابوو كه حیزب و نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌بێ هه‌لومه‌رجه ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان بەباشی بقۆزنەوە، به‌ڵام له كۆتاییدا پێویسته بۆخۆیان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بڕیار بده‌ن. له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران و ڕێكخراوه سیاسییه‌كانی ئێران‌دا بۆچوونی ئه‌وه بوو كه پێویسته كورد و حیزبی دێموكرات شوێن له‌سه‌ر ئه‌وان دابنێ، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌شدا كه ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی لە ئاستی سەروودا به ده‌سته‌وه بوو، زۆر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كاری كرد و به‌داخه‌وه هه‌ر له كۆبونه‌وه‌یه‌كیشدا كه بۆ ئه‌م باسه پێكی هێنابوو تێرۆر كرا.
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان!
ئه‌ندامان، پێشمه‌رگه‌كان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان!
له ساڵرۆژی تیڕۆڕی ڕێبه‌ری لێوه‌شاوه و دڵسۆزی گه‌له‌كه‌مان دوكتور سادق شه‌ڕه‌فكه‌ندی و هاوڕێیانیدا، پێویسته خوو و ڕه‌وشت و ته‌وازوع و وردبینیه‌كانی ئه‌و ڕێبه‌ره مه‌زنه وه‌بیر خۆمان بێنینه‌وه و بیانكه‌ینه مه‌شخه‌ڵی ڕووناككهرهوهی رێگای خه‌باتمان. پێویسته هه‌وڵ بده‌ین كه‌لێنی ئه‌و ڕێبه‌ره مه‌زنه و ڕێبه‌رانی دیكه‌ی حیزب و گه‌له‌كه‌مان بە یەکگرتوویی و کاری بەکۆمەڵ پڕ بكه‌ینه‌وه و ڕێگا و ڕێبازه‌كه‌یان به ئاوه‌دانی و چالاكییه‌وه ڕابگرین و گه‌شه‌ی پێ بده‌ین. ته‌نیا ئه‌وه داهاتووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان دابین ده‌كا و ڕووحی شه‌هیدانمان شاد ده‌كا.
سه‌ركه‌وێ خه‌باتی مافخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان،
نه‌مان بۆ ڕێژیمی تیڕۆڕیست په‌روه‌ری كۆماری ئیسلامی،
سڵاو له ڕوحی پاكی شه‌هیدان.
حیزبی دێموكراتی كوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
(٢٥ی خه‌رمانانی ١٣٩٩- ١٥ی سێپتامبری 2020)