بە هۆی ئیعدامی نەوید ئەفکاری، وڵاتانی ئۆرووپایی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانیان هەڵوەشاندەوە.
بڵاوکراوەی بیڵد کە لە بێرلین بڵاو دەبێتەوە، لە هەواڵێکی خۆیدا دەڵێ:سەردانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ ئاڵمان و چەند وڵاتی ئۆرووپایی وەکوو ناڕەزایەتییەک لە هەمبەر لەسێدارەدانی نەوید ئەفکاری هەڵوەشیندرایەوە.
بیڵد ڕۆژی یەکشەممە٢٣ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بە” هەڵوەشاندنەوەی سەردانی محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دەکا و دەڵێ، وڵاتانی ئۆرووپایی سەردانەکەی زەریفیان بە شێوەی کاتی ڕاگرتووه.
ئەم بڵاوکراوە ئاڵمانییە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەردانی ناوبراوی ڕوون نەکردوەتەوه، بەڵام زۆربەی شڕۆڤەکارانی سیاسی جیهان لە سەر ئەو باوەڕن کە ئێعدامی نەوید ئەفکاری لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی زەریف.
شایانی باسە کە وەزیرانی دەرەوەیی سێ وڵاتی ئۆرووپایی ئەندام لە ڕێککەوتنی بەرجام، ڕۆژی پێنج شەممە٢٠ی خەرمانای ٩٩ی هەتاوی، لە دانیشتنیان لە هەمبەر، ڕوونکردنەو لە سەر وەزەی ناوکی ئێران، بڕیاریان دابوو کە حەوتووی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئێران، بانگهێشتی دانیشتنی سێ ئەندامی بەرجام”ئاڵمان،فەڕانسە و بریتانیا” هەروەها ئیتالیا و ئیسپانیا بکەن، بەڵام بە هۆی تۆڕە بوونی وڵاتانی ئۆرووپایی لە هەمبەر ئیعدامی نەوید ئەفکاری، سەردانەکەی زەریفیان تاکاتێکی نادیار هەڵوەشاندەوە.
شایانی باسە کە ئێعدامی نەوید ئەفکاری کاردانەوەی بەربڵاوی ڕێکخراو و دامەزراوە و وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە بەڵام کۆماری ئیسلامی گوێ بۆ هیچ یاسا و ڕێسا و ناڕەزایەتییەکی نێوخۆی و جیهانی شل ناکا.