کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی شاری شنۆ دوای دەستبەسەرکران بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.
بەپێی هەواڵی چاونیوز ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی شاری شنۆ تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی “سەلاحەدین عیسازادە” کردوە و بە سەختی برینداریان کردووە و دوای بریندار کردنی ئەو کۆڵبەرە، دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و لە کۆتاییدا کوشتوویانە.
شایانی باسە سەلاحەدین عیسازادە تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی شێوەسماک سەربە شاری شنۆ بووە کە دوای کوژرانی تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ ساردخانەی شاری نەغەدە.
ناوەندە ئەمنیەکان بە مەرجی میدیایی نەکردنی ئەو هەواڵە تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی ”بارزان“ لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە ەتقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لاقی بەسەختی پێکراوە و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە کراوە.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی شەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی قوڵقوڵە سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی ”فاتێح مەحموودی“ تەمەن ٣٤ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوود بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە بەسەختی بریندار بووە.