مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەمبەر بڵاوکردنەوەیی ڕاپۆرتی دوور لە راستیی و زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانەیی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە هێرشەکانی ١١ی سێپتامبر ڕەخنەی تۆند دەگرێ و دەڵێ لەوهێرشانەدا ٣٠٠٠کەس بوونە قوربانی.
پۆمپێئۆ لە لاپەڕەیی تویتێرەکەی خویدا دەڵێ: ئابڕووبەرانەیە کە تەلەفزیۆنەکانی ڕێژیمی ئێران، درۆ و چەواشەکاری لە هەمبەر هێرشە تێرۆریستییەکەی ١١ی سێپتامبر بڵاو دەکەنەوە، ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەبێ” ڕێز لە قوربانییەکان بگیردرێ، نەوەکوو کەسایەتییەکانیان بچنە ژێر پرسیار”، هەرلەم پێوەندییەدا دەڵێ ڕێژیمی ئێران پێشتر کێبڕکێ کوشتن و لە ناو بردنی یەهوودییەکانی کردووە، کە ئەمە کارێکی زۆر نامرۆڤانەیە.
شایانی باسە دادگای نیۆیۆرک چەندین جار ڕیژیمی ئێرانی بە هاوکاری کردنی ملیشیا تیرۆریستەکانی ئەلقاعیدە تۆمەتبار دەکات، کە هۆکاری سەرەکیی هێرشەکانی ١١ی سێپتامبرە، هەروەها دادوەر جۆرج دانیڵز، کۆماری ئیسلامی بە دانی ١٠.٧میلیارد دوولار سزا مەحکووم دەکات.
دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە دەسپێکی ساڵی ڕابردوودا، ڕایگەیاند کە هەموو شتێکی یاسایی لە بەردەستە کە دژی رێژیمی ئێران شەڕ ڕابگەێنێ، لە هەمبەر هێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ی سێپتامبر.
محەممەد جەواد لاریجانی جێگری پێشووی دەزگای دادی ڕێژیم، لە وتووێژێکی کەم وێنەدا لە ساڵێ ٩٧ی هەتاوی لە گەڵ تەلەفزیۆنی ئێران دەڵێ: ئاسانکاریمان بۆ گرووپی ئەلقاعیدە کردووە، کە هۆکاری هێرشەکەی ١١ی سیپتامبری نیۆیۆرکە.
لە لایەکی دیکەوە بەڵگەنامەکانی” ئوبەت ئاباد” کە لە حەشارگەی بن لادەن ڕێبەری گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە، بیندراوەتەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیمی ئێران پاڵپشت و هاوکاریان بووە.












