زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتنگەی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر “شێخلوو” بە تۆمەتی “بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران” بە ئێعدام مەحکووم کرا.
بە پێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شاکر (فەرهاد) بێهرووزی مانگی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران” لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “شێخلوو”، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئیقنلابی ورمێ بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حیزبێکی کوردی” بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و دواتر بە دپەروەندەسازی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی “بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە هێزێکی دیکەی کوردی ” و “کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران” لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆاری ئیسلامیی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی “ئەماننامە” گەڕابووە ئێران.
ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.
شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو











