شارەزایانی سیاسیی بریتانیا : چین بە پێی ڕێککەوتنە ٢٥ ساڵەکەی لە گەڵ ڕێژیمی ئێران، ئێران دەکا بە گەورەترین ناوەندی سێخۆڕی لە جیهاندا
سیموون واتکینز، ڕۆژنامەنووسی بریتانیایی پسپۆر لە کاروباری ئابووری و دارایی، کە بۆ یەکەمین جار نێوڕۆکی ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئێران و چینی بڵاو کردەوە، لە بابەتێکی تازەیدا دەڵێ، چین دەیهەوێت ئێران بکات بە ناوەندێکی گەورەی چاوەدێری و سێخوڕی
سیموون دەڵێ: لە قۆناغی یەکەمدا ڕێککەوتنی نێوان پێکەن و تاران بە دانانی پیلانی بەربڵاوی سیخۆڕی و شەڕی ڕاگەیاندن، بە تایبەتی لە نزیک بەندەری چابەهار کە نزیکە لە زەریای عەمان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانە دەستپێدەکا.
واتکینز دەڵێ: دوای ڕەزامەندیی خامنەیی فەرماندەکانی سپا و دەزگای زانیاریی و هەواڵگریەکانی ئێران و چین دەیانهەوێت پڕۆژەی چاوەدێری کردنی ملیۆنان ئێرانی جێبەجێ بکەن.
ناوبراو بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکانی خوی لە ئێران دەڵێ بە پێی ئەو پڕۆژەیەی پێکەن، دە ملیۆن کامێرای چاوەدێری شاراوە لە حەوت شاری گەورەی ئێران و پێنج میلیۆن کامێرای چاوەدێری شاراوە لە ٢١ شاری دیکەی ئێران دادەمەزرێنن و هەموویان لە لایەن وڵاتی چینەوە چاوەدیری دەکرێ.
بەم هۆیەوە حەوت شاری ئێران دەبێتە بەشێک لە ٢٥ وڵاتی جیهان کە زۆرترین ئیمکانی چاوەدێریان هەیە، ئەم کار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کە لە دوا ڕۆژدا ولاتی چین بتوانێ بە هاوکاری ڕێژیمی ئێران هەموو شارو ناوچەکانی دیکە چاوەدێری بکا و سیخوڕییان لە سەر بکا.
هەر لەم پەیوەندییەدا وڵاتی چین کە پێشکەوتووترین سیستەمی سانسۆڕی ئینتێرنێتی لە جیهاندا هەیە و بە ناوی” ئینتێرنێتی نەتەوەیی” بەنێوبانگە، دەیهەوێت لە ئێرانیش ئەم کارە پەرە پێبدا وهەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بخەنە ژێر چاوەدێری ڕاستەو خۆی خویان.