پەرلەمانتارێکی ڕێژیم، لە هەوڵدان پرۆژە یاسایەک پێشکەش بە پەرلەمان بکەن کە منداڵانی سێیەم و چوارەم لە پرۆژە ئابوورییە گەورەکانی ئێران وەکو پاڵاوگە و پێترۆشیمیاییەکان پشکیان پێبدرێ.
لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە، عەلی موسەوی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم باس لەوە دەکات، پرۆژەکە بۆ هاندانی بنەماڵەکانە بۆئەوەی وەچەی زیاتر بخەنەوە.
بەپێی پرۆژەکە جێگرێکی نوێ بۆ سەرۆککۆمار لەژێر ناوی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان پێکدەهێنرێت.
کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون لە ئێران نیگەرانیی لەنێو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا دروستکردووە.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی دەڵێن، ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوامبێت تاوەکو 20 ساڵی دیکە ئێران دەبێتە یەکێک لە پیرترین وڵاتەکانی جیهان.
ئێران کە لە دەیەی 80ی زایینیدا لەگەڵ رێژەی بەرزی لەدایکبوون بەرەوڕووبوو، لە ساڵی 1989وە سیاسەتی کۆنترۆڵی ژمارەی دانیشتووانی بە دروشمی “منداڵی کەمتر، ژیانێکی باشتر”رەچاوکرد.
بەڵام لە ساڵی 2010 بەرپرسانی حکومەتی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سیاسەتی کۆنترۆڵی ژمارەی دانیشتووانیان گۆڕی و بانگەشەیان بۆ خستنەوەی منداڵی زیاتر کرد.
دوای سەرژمێرییەکانی ساڵی 2011، خامنەیی هاتە ریزی رەخنەگرانی سیاسەتی کۆنترۆڵی ژمارەی دانیشتووانەوە و گوتی “ئەم سیاسەتە هەڵە بووە. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی ئێران دەبێ 150 ملیۆن کەس بێت”.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2019 ژمارەی دانیشتووانی ئێران 81 ملیۆن و 800 هەزار کەسە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاماری ئێران پێشبینی دەکات، تاوەکو 30 ساڵی دیکە ژمارەی دانیشتووانی ئێران بگاتە 112 ملیۆن و 475 هەزار کەس.