بلومبێرگ له ڕاپۆرتێکدا ده‌ڵێ هەرزانیی نرخی نەوت ئاگر له قەیرانی کۆچبەرانی ئورووپا به‌رده‌داو ئه‌و قه‌یرانه قووڵتر ده‌کا؛ بە هۆی قەیرانی ئابوورییشەوە هه‌رێمی کوردستان‌و نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشێ ئەوانەیان پێ ناگیرێ کە کۆچ دەکەن.
فرێدریک کەسای، بەرپرسو ڕێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەولێر دەڵێ، ئەگەر تەنیا لە ڕووی داراییشەوە تەماشا بکرێ پێویستە ئورووپا ئه‌و بابه‌ته‌ی بۆ گرینگ بێ‌و هاوکاریی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکانی هه‌رێمی کوردستان بکا.
فرێدریک کەسای ده‌ڵێ ئیدارەکردنی ئاوارەکان لە هه‌رێمی کوردستان دە ئەوەندە هەرزانترە لە ئیدارەکردنی ئاوارەکان لە ئورووپا، بۆیە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئورووپا دایە کە لێرە پشتگیری‌یان بکەنو، بەر لە کۆچکردنیان بۆ وڵاته‌کانی خۆیان بگرن.
نوێنه‌ری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری په‌نابه‌ران له هه‌رێمی کوردستان داوای هاوکاریی دارایی لە وڵاتانی ئورووپا کردوەو ده‌ڵێ بۆ بەڕێوەبردنی کەمپی ئاواره‌کان تووشی کێشه بوون، چونکی کوردستان بۆخۆیشی لە دۆخێکی خراپی ئابووری دایەو بە هۆی بڕینی بوودجە لە بەغداو هەروەها شەڕی داعش‌و دابەزینی نرخی نەوت که‌وتۆته ته‌نگانه‌وه.
فرێدریک کەسای ده‌ڵێ لە هەرێمێکدا کە بە قه‌د سوئیسه، بەڵام فشارەکان زۆر زۆر‌و بێئەندازەن. هەرێمی کوردستان زیاتر له یه‌ک میلیون‌و ٨٠٠ هەزار ئاوارەی لە خۆ گرتووە.
ناوبراو ده‌ڵێ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستادا دەتوانێ پێداویستییە مرۆییەکان تەنیا بۆ سه‌دی 3 ی ئاوارەکانی ناوچەکانی هەولێر دابین بکا