فەرماندەی هەنگی سنووری سەردەشت وێڕای تۆمەتبار کردنی کۆڵبەران دەڵێ، زۆر بە توندی بەرەوڕوویان دەبینەوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) وەرگیراو لە هەواڵدەری مێهر، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٩، سەرهەنگ “سولەیمان بایرامی” لەدانیشتنێک دا لەگەڵ بەکرێگیراوانی ناوچەی سەردەشت، باسی لە بەرەوڕووبوونەوەی توند لە گەڵ کۆڵبەران کرد.
ناوبراو بە شانازی باسی کوشتنی ئەو سێ کۆڵبەرەی چەند ڕۆژ پێش کرد و گوتی: ئێمە توانیمان سێ سنوور تۆمەتبار بکوژین.
بایرامی داوای لە خەڵکی سەر سنوورەکان کرد کە هاوکاریان بکەن لە سیخوڕیکردن لە سەر کۆڵبەران و هێزە کوردییەکان.
پارێزگای ورمێ ٩٦٧ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سێ وڵاتی تورکیە، عێراق و کۆماری ئازەربایجان هەیە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە، ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی ئێران تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەری بێ تاوان کرد کە لە ئاکام دا سێ کۆڵبەری ناوچەی سەردەشت کوژران.