زیاتر لە ٨٥٠هەزار کەس لە ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا بە هۆکاری فشاری دۆخی کرۆنا و بێ بەرنامەیی ڕێژیم بێکار بوون.
مەسعوود بابایی، بەڕێوەبەری گشتیی پشتیوانی لە کارمەندان و بیمەی بێکاری وەزارەتخانەی کاری ڕێژیم ، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ٩٩ بە هەواڵنێری ئیلنای ڕاگەیاند: لە کاتی تەشەنە سەندنی پەتای کرۆنا تا ١٠ی گەلاوێژی ٩٩ ی هەتاوی ٨٥٠هەزار کەس لە ئێراندا بێکار بوون.
بە وتەی بابایی، لە بەشی کشتوکاڵیی بە هۆی کاریگەریی پەتای کرۆناوە ، نزیکەی ٢٠ لە سەدی هێزی کاری ئەم بوارە بێکار بوون.
پێشتر ناوەندی پێداچوونەوەی مەجلیسی ڕێژیم هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئابووری تەخمینی لێدابوو کە لە نێوان ٢ملیۆن و ٨٠٠هەزار تا شەشە ملیۆن کەس لە ئێران کارەکانی خۆیان بە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆناوە لە دەست داوە.
شایانی باسە کە ئەم ئامارە تەنیا بە هۆی دۆخی کۆرۆناوە بووە و گەمارۆکانی ئەمریکاش بە میلیونان کەسی لە ئێران بێکار کردووە کە هەمووی ئەمانە دەگەڕیتەوە بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران.