هەڵدێرانی ماشینێکی هەڵگری هاوڵاتیانی ئەفغانی ٧ کوژراوو ١٠ برینداری لێکەوتەوە
بەرپرسی گشتی مانگی سووری کرمان دەڵێ: بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، بە هۆی هەڵدێرانی ماشینێکی جۆری پێژۆ٤٠٥ لە نیوان ڕێگای شارەکانی “کرمان- بەم “دا ٧ کەس کوژران و ١٠ کەسیش بریندار بوون.
شایانی باسە کە دۆخی خراپی هاوڵاتیانی ئەفغانی لە ئێران و کوشتن و ڕاوەدوونانیان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێرانەوە بەردەوامە و هەر لە چەند مانگی پێشدا دەیان ئەفغانی لە سەر سنووری نێوان ئەفغانستان و ئێران لە لایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ناچار کران خۆیان بخەنە ڕووباری هیرمەند و خنکان.
هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەک لەمەوبەر لە جاددەکانی ئیسفەهان و یەزد و کرمان دەیان ئەفغانی لە ئاکامی ڕاوەدوونان و تەقەی هێزەکانی ڕێژیم دا کوژران و ئاگریان تێبەربوو کە ئەم ڕەفتارە ڕەگەزپەرەستانە وشوێنیستییانەی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتی حکوومەتی ئەفغانستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە بەڵام ڕێژیمی ئێران بە هیچ یاسا و ڕێسایەکی مرۆیی پێبەند نییە و نابێ.