کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرین و باوکی کادرێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی مەریوان لە سەید سادق لە باشووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی کاک ڕەحیم حەمە عەزیز “ڕانسووری ” پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین و باوکی کادری دڵسۆزی حیزبی دێموکرات کاک ڕەحمان ڕانسووری ناسراو بە” ڕەحمان سکۆڵی” خەڵکیئ ئاوایی سکۆڵ لە مناوچەی مەریوان لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە قەزای سەید سادق لە باشووری کوردستان بە هۆ نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کە کاک ڕەحیم حەمە عەزیز لە دەورانی خەبات دژی ڕێژیمی پاشایەتییەوە تاکوو خەبات و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو پێشمەرگەیەکی بەوەج و بوێر و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەرانبەر داگیرکەراندا ئازایانە و گیان لەسەردەست بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی کردووە و لە زۆر شەڕ و بەرگریی قارەمانانەدا لە ناوچەکانی مەریوان، سنە و کامیاران بەشداری چالاکانەی کردووە و شوێن دەستی دیارە.
کاک ڕەحیم لەم دواییانەدا و بە هۆکاری چوونەسەرەوەی تەمەن وەکوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان درێژەی بە ژیانی خۆی دا و بۆ چرکەیەکیش لە ئاوات و ئامانجەکانی حیزب و گەل دوور نەکەوتەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی پرسە و سەەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی بەڕێزیان و بەتایبەت هاوڕێ تێکۆشەرمان کاک ڕەحمان سکۆڵی و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.