هاونیشتمانیانی بەڕێز!
لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە، ١٧ی خەرمانان بۆتە برینێکی دیکەی سەر جەستەی نیشتمان.مووشەکبارانی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵا، و فێرگەی حدکا بە مووشەکی بالستیک و بە چاودێری فرۆکەی بێفرۆکەوان بە چڕی بۆردومان کران و، هاوکات هەواڵی لەسێدارەدرانی کۆمەڵێک بەندیی سیاسیش لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکرایەوە. ١٩ کەس لە رێبەران، فەرماندەران، کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی سیاسی بوونە قوربانیی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و بە دەیان کەسی دیکەش بە قورسی بریندار بوون.
ئەم رووداوە، ئەگەر سوورترین دیمەنی مێژووی هاوچەرخی کورد لە رۆژهەڵات نەبێت، بێگومان لە بێ وێنەترین کارەساتەکانە کە کورد بەخۆیەوە بینیوێتی. هەم کردەوە و هەم کاردانەوەکان تایبەتمەندی جیاکەرەوەیان لەگەڵ کارەساتەکانی هاوشێوەی پێشوو هەبوو. بۆ یەکەم جار، مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ لێدانی کۆبوونەوەیەکی سیاسی و خاپوورکردنی شوێنێک کە کارکردی نیزامیی ڕاستەوخۆی نییە و سازمان و رێکخراوە مەدەنی و دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکرات تێیدا خەریکی کار و تێکۆشانن، بەکار هات. هەر بۆ یەکەم جاریش بوو کە شەش ئەندامی ڕێبەری حیزب پێکەوە و بەیەکەوە شەهید کران. هەروەها کۆماری ئیسلامی بە فەرمی دانی بە کردەوەکەی دانا و کورتە دیمەنی هێرشەکانیشی بڵاو کردەوە.
ئاستی کاردانەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش نەک لە ئاستی گەورەیی هێرشەکە، بەڵام بەرچاوتر لە جاران بوو. ئەم کردەوە لە وڵاتی ئامانجگیراو بە شێوەی لاوەکی ئیدانەکرا و لە ئاستی نێودەوڵەتیش لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئورووپایی مەحکوم کرا و تەنانەت لە زمانی نوێنەری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەی پێدرا. خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، هاوبەشی پرسەی رۆژهەڵات بوون و خەمیان لەگەڵ دێموکرات بەش کرد.
گرینگترین خاڵی جیاکەرەوەی ١٧ی خەرمانان، چۆنیەتی کاردانەوەی حیزبه سیاسییەکان و چییەتی خەڵکی رۆژهەڵات بوو. چوار رۆژ پاش ئەم ڕووداوە و دوای بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و لەسەر داوای چالاكانی سیاسی و مهدهنی ناوخۆ؛ ورمی، سنه، کرماشان، ئیلام و لوڕستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکە بە مانگرتنێکی گشتیو بێ¬وێنە، به یهك گوتار بهرهنگاری مووشهكهكانی كۆماری ئیسلامی بوونهوه. ئاکامی ئەو مانگرتنه سەرانسەرییه کە دوواتر به ڕێفراندۆمی دووەمی مەشرووعییەتی کوماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتیش تەعبیر کرا، “نا”یەکی دیکه بە ڕێژیم بوو. مانگرتنی حیماسی ٢١ی خەرمانان سەرچاوەگرتوو لە غروری نەتەوەیی و سەلمێنەری خاوەندارێتی گەل لە خوێنی بە ناحەق¬ڕژاوی ڕۆڵەکانیان بوو.
یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد وێڕای هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی ئەم کارەساتە ناخهەژێنە، پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی دیکه دووپات دەکاتەوە تا بە دێکیۆمنت کردنی بەڵگەنامەکان و بە نێونەتەوەیی کردنی ئەم دەستدڕێژییە نایاساییه، کۆماری ئیسلامی و بکەرانی ئەو جینایەتە پەلکێشی دادگا نێودەوڵەتییەکان بکرێن. هاوکات ڕووی لە خوێندکارانی رۆژهەڵاتی کوردستانە تا تاوانەکانی ڕێژیم دەرحەق بە نەتەوەی کورد بناسن و بناسێنن، و هەموو دەرفەتەکان بۆ لابردنی دەمامک لەسەر ڕوخساری پڕ لە تاوانی کۆماری ئیسلامی بقۆزنەوە.
خوێندکارانی نیشتمانپارێز!
قەڵای دێموکرات، بەر لەوەی لە کەرەستەی فیزیکی و جامد پێکهاتبێ، لەسەر بنەمای پرسێکی نەتەوەیی بنیاتنراوە. تاک تاکی ئێوە مادام خۆ بە نوێترین زانستی سەردەم تەیار دەکەن، خەمی نیشتمانتان لە کۆڵ ناوە، بانگەوازی بەشخوراوی نەتەوەکەتان بەگوێی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەگەیەنن و بۆ مافەکانتان ڕووبەڕووی دەسەڵاتی تیرۆر و تاوان دەبنەوە، قەڵای لەبن نەهاتووی دێموکراتن. شەهیدانی ١٧ی خەرمانان روویان لە قەڵای دێموکرات، و چاویان لە هەوڵ و هیممەتی ئێوە، و هیوایان لەسەر هاوکاری تێکڕای تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵچنیوە تا بە کۆتاییهاتنی تەمەنی کۆماری ئیسلامی تەمی ستەمی نەتەوەییش لە ڕۆژهەڵات بڕەوێتەوە و نیشتمانەکەمان ڕەنگی ئاسایش و ئارامی و ئاودانی بەخۆوە ببینێت.
یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد
١٧ی خەرمانانی ١٣٩٩