سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ ئا‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردوە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و لە سەروویەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوڕ له دۆخ و خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکڕات که زۆر جار چه‌کی کۆمه‌ڵکوژیان لەسەر تاقی کراوەتەوە، بده‌نه‌وه.
دەقی نامەی کاک خالید عەزیزی بۆ ئا‌نتۆنیۆ گۆتێرێس:
بەڕێز ئا‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان!
دوو ساڵ پێش ئێستا لە ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨‌دا کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان له قووڵایی خاکی کوردستانی عیراقدا. له‌ئاکامی ئەو کردەوە تێرۆریستییەدا ١٦ کەس شه‌هید و زیاتر له ٤٠ که‌س بریندار بوون.
سوپای پاسدارانی ئێران هه‌ر ئه‌و کاته به‌رپرسیارێتیی ئه‌و هێرشه‌ی گرته ئه‌ستۆ و وه‌ک نیشانه‌یه‌کی توانای مانۆڕدانی خۆی له ناوچه‌دا له قه‌ڵه‌می دا. ئه‌و هێرشه هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک دژکرده‌وه‌ی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌دووی خۆیدا هێنا که گرینگ‌ترینیان باسکردنی ئه‌و هێرشه و مه‌حکومکردنی له‌لایه‌ن نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا له کۆبوونه‌وه‌ی شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا بوو.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم کردەوە تێرۆریستییه سه‌رجه‌م پەسندکراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی له بواری ڕێزگرتن له سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و یاسای به‌شه‌ردۆستی‌دا پێشێل کرد. ئه‌و هێرشه به‌ئامانجگرتنی حیزبێک بوو که حه‌وت ده‌هه و نیوه له‌پێناو وه‌دیهێنانی مافه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد و سه‌قامگیرکردنی دێموکڕاسی له ئێران‌دا خه‌بات ده‌کا. حیزبی ئێمه حیزبێکی ئاشتیخوازه که له خه‌باتی خۆیدا هه‌میشه پره‌نسیپه ئینسانی و شارستانییه‌كانی له‌به‌رچاو گرتوه. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و حیزبه له ڕێکخراوی ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست‌دا که جه‌نابت ساڵانێک سه‌رۆکی بووی، ئه‌ندامه.
بەڕێز سکرتێری گشتی!
گه‌لی کورد له ئێران هه‌میشه خۆی له به‌ره‌ی دژی تێرۆریزمدا پێناسه کردوه و به‌رده‌وام قوربانیی ده‌ستی تێرۆریزم بووه. ئێمە له‌کاتێکدا یادی قوربانیانی جینایه‌تی ٨ی سێپتا‌مبر ده‌که‌ینه‌وه کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا قسە لە کۆنتڕۆڵکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی دەستپێڕاگەیشتن و به‌کاربردنی چەکی کۆمەڵکوژ لەئارادایە. ئێمه پێمانوایه که باشترین ڕێگا بۆ پابه‌ند کردنی ده‌وڵه‌تێک به خۆبواردن له په‌ره‌پێدان و به‌کاربردنی چه‌که کۆمه‌ڵکوژه‌کان، کارکردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پێکهاته و لایه‌نانه‌یه که له به‌رامبه‌ر وه‌ها ده‌وڵه‌تێکدا خه‌بات ده‌که‌ن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا جێی خۆیه‌تی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و لە سەروویەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوڕێک له دۆخ و خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکڕات که زۆر جار چه‌کی کۆمه‌ڵکوژیان لەسەر تاقی کراوەتەوە، بده‌نه‌وه. ئێمه ده‌توانین بۆ بنیاتنانی ئاینده‌یه‌کی باشتر له ناوچه‌دا و له‌و پرسانه‌دا که له ئه‌وله‌ویه‌تی ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندان، ڕۆڵی بنیاتنه‌ر بگێڕین.
به ئاره‌زووی ئه‌وه که ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئایندهی وڵات و گه‌لی ئێمه‌دا زیاتر بێته سه‌ر خه‌ت، سڵاو و ڕێزی ئێمه قبووڵ بکه‌ن.
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
١٧ی خەرمانانی ١٣٩٩ (٧ی سێپتامبری ٢٠٢٠)