بە دەسپێشخەری کۆمیسیونی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێوڕەسمێک بۆ یادکردنەوەی دووهەمین ساڵیادی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە کتێبخانەی حیزب لە قەڵا بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی کورد وکوردستان دەستیپێکرد و لە چەند بڕگە و بابەتی ئەدەبی و سیاسیی و ڕێزلێنان لە چەندین کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کە زەحمەتێکی زۆریان لە نۆژەنکردنەوە و دووبارە دروستکردنی کتێبخانەی حیزب لە دوای مووشەکبارانی قەڵادا کێشابوو و هەروەها وتارێکی کورتی بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەسەر کتێب و کتێب خویندنەوە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا و گرینگی پەروەردە و کتێب لە پێگەیاندنی کادر و پێشمەرگەکاندا و دەستخۆشی و ماندوونەبوونی بە هاوڕییانی بەرپرسی کتێبخانەی حیزب و بە تایبەت خاتوو خەدیجە پوورمەند بەرپرسی کتێبخانەی حیزبی دێموکرات پێکهاتبوو.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا خاتو خەدیجە پوورمەند چەند وتەیەکی لەسەر چۆنیەتی نۆژەنکردنەوە و هاودڵی و هاوکاری پێشمەرگانەی ئەو کەسانەی کە یارمەتی دروستکردنەوەی کتێبخانەی حیزبیان دوای مووشەکبارانی قەڵا دابوو پێشکەش کرد و کۆتایی ڕێوڕەسمەکەش بە ڕێزلێنان لە چەندین کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ڕازێندرایەوە.