جاوید ڕەحمان ڕیپۆرتێرى تایبەتى مافى مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر ئێران، باسى لە دۆخى نالەبارى زیندان و کۆرۆنا و ئازادىی گەلانى ئێران لە بن دەستى کۆمارى ئیسلامى کرد.
ڕیپۆرتێرى تایبەتى مافى مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ئێران باسى لەوە کرد کە “دۆخى مافى مرۆڤ لە ئێرانى بن دەستى کۆمارى ئیسلامى خراپتر بووە” و نیگەرانى خۆشى دەربڕی سەبارەت بە دۆخى سەرکوتى توندوتیژاوى بەرامبەر خۆپێشاندەرانى خەزەڵوەری ٩٨ کە تیایدا بووە هۆى دروستبوونى کارەساتێکى گەورە بۆ گەلانى ئێران و کوشتنی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس و زیندانیکردنی هەزاران کەسی دیکە.
جاوید لەمبارەوە دەڵێ: ڕەفتارى دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر قوربانیانى ئەم کارەساتە ڕوون و سەربەخۆ نییە و بنەماڵەى قوربانییەکان بە هۆى لەقاودانى ڕاستییەکان، دەکەونە بەر ئازار و ئەزیەت.”
ناوبراو هەروەها باس لە کارەساتى خستنەخوارەوەى فڕۆکە ئۆکراینییەکە دەکات کە بە هۆیەوە خۆپێشاندانێکیش لە نێو ئێرانییەکان دژ بەم کارە قێزەونەى کۆمارى ئیسلامى و سوپاى تیرۆریستى پاسداران ئەنجام درا و دەیان کەس لەسەر خۆپێشاندانەکە گیران.
لە کۆتاییدا جاوید ڕەحمان باس لەوە دەکات کە “دەوڵەتى ئیسلامى ئێران فشار و پاڵەپەستۆى گەورە بەکار دەهێنێت بۆ سەرکوت و نەهێشتنى ئازادى بەیان و کۆمەڵایەتى” و نیگەرانی خۆى دەردەبڕێت لەسەر سزاى ئیعدام بەتایبەت بەرامبەر بە منداڵان و بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە زیندانەکانى ئێران و بەرتەسک بوونەوەى ئازادییەکانى ڕادەربڕین و هەڵاواردن دژى کەمینەکان و ژنان.












