قادر بەهرامیان ناسراو بە وەستا قادر بارام، کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی شنۆ لە ئاوایی “گوندەوێڵە”ی ناوچەی شنۆ، بە هۆی ڕووداوێکی کاریی گیانی لە دەست دا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی قادر بەهرامیان ناسراو بە وەستا قادر بارام، کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی شنۆ خوڵکی ئاوایی “گوندەوێلە” بە هۆی ڕووداوێکی کارییەوە گیانی خۆی لە دەسدا.
شایانی باسە کە وەستا قادر هەر لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبەوە، پیوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە گرتووە و بەردەوام و سەرەڕای ٤ ساڵ زیندانی و ئازار و ئەشکجەی لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە کۆڵی نەداوە و لە خزمەت کردن بە نیشتمانەکەی و حیزبی دێموکرات دریغیی نەکردووە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











