٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان
لـە ٢٥ی گـەلاوێـژی ئـەم سـاڵـدا خەڵکی ڕۆژهــەڵاتــی کـوردسـتـان یــادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبە نەتەوەیی و خۆشەویستەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەن بە جێژن. حیزبی دیموکرات وەک فۆرمێکی نوێ و هێزێکی ڕێکخراوەیی تازە دامەزراو لەگەڵ دامەزرانی بوو بە پێشەنگی داواکانی گەلی کورد و بەرپرسایەتییەکی گرینگی مێژوویی گرتە ئەستۆ. ئەو بەرپرسایەتییە ڕێبەریکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و بنیاتنانی کیانێکی نەتەوەیی بۆ کورد بوو کە هەتا ئێستاش لەجێی خۆیەتی.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ٧٥ ساڵ تەمەنیدا زۆر قۆناغی بڕیوە، بەسەر زۆر کەندوکۆسپدا سەرکەوتوە، زۆری برین هەڵگرتوە، دەسکەوتی زۆر بەنرخ و مێژوویی و هەرمانی بۆ نەتەوەکەی دەستەبەر کردوە، هەڵە و کەمایەسیشی بووە؛ بەڵام مەیدانی چۆڵ نەکردوە و هەروا ئاڵاهەڵگری خەباتی ئازادیخوازی و نەتەوەیی کورد ماوەتەوە.
شانازییەکانی ئەم حیزبە نەک لە میژوودا، بەڵکوو ئەمڕۆش پێناس و هۆوییەتی نەتەوەی کوردن، لە دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە هەتا دەستەبەرکردنی هەموو ئەو بایەخانەی لە ئێستادا نەتەوەی کوردی لە دنیادا پێ دەناسرێتەوە، وەک پێشمەرگە، سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ئاڵا و زۆر بەهای نیشتمانی و دێموکراتیک کە لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات چێ کراون.
خەڵکیبوونی حیزبی دێموکرات و بەرنامە و ئامانجەکانی کە هۆکاری سەرەکیی ٧٥ ساڵ بەردەوامی و متمانەی گەلی کوردە، بە سەرمایە و شانازییەکی گەورە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دادەنرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموو جۆراوجۆرییەکانی نێو کۆمەڵگە و گۆڕەپانی سیاسی دەبینێ و ڕێزی لێ دەگرێ و تێ دەکۆشێ لە پێناو ڕزگاریی کورد لە ئێراندا ڕێکیان بخا و یەکگرتوویان بکا.
ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە قۆناغی ئێستای خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردیش، دیـار و بەرجەستە و شیاوی سەرنجە. سودوەرگرتن لە تاکتیکی گونجاو، هەوڵی خۆرێکخستن و گونجان لەگەڵ سەردەم و گۆڕانکارییەکان و داخوازییەکانی گەل ئەرکی هەمیشەی حیزب بووە و هەیە.
لە ٧٥ ساڵەی یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە بە ئیرادەیەکی پتەو و، ئیمانی قووڵ بە سەرکەوتن ڕێگای ئامانجەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەپێوین و پشت بە متمانەی خەڵکی کوردستان ئەم کاروانە دەگەیەنینە سەرمەنزڵی مراد و جێژنی گەورەی سەرکەوتن دەگرین.
بەرەو یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان