بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ٤ کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی سەردەشت و پیرانشار گیانیان لەدەستدا.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە ١٢ی خەرمانان لە سنووری قەلەڕەشێ لە شوێنێک بەناوی باژاڕ هێزەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران تەقەیان لە دەستەیەک کاروانچی کردووە لە ئاکام دا سێ کۆڵبەر گیانی خۆیان لەدەست داوە.لەلایەکی تریشەوە لە سنووری پیرانشار کاسبکارێکی کورد بە تەقەی چەکدارانی سنووری ڕێژیمی ئێران گیانی لەدەستداوە
بە پێێ هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤی چاونیوز، سێ کەس لە سنووری قەلەڕەشێ بە ناوەکانی زانست حەسەن زادە تەمەن ۲٥ ساڵان خاوەن منالێکی تەمەن ٦ساڵانە خەڵکی ئاوایی قەلەڕەشێ، زانکۆ ئەحمەدی تەمەن ۲۲ ساڵان خەڵکی ئاوایی خانەخەڵ، سروش ملکاری خەڵکی ئاوایی سورەچۆم سەر بە شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆیی هێزەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمشەو لە سنووری پیرانشار، هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕژێم تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردوە لە ئاکام دا کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال خزری خەڵکی ئاوایی زێوە بە تەقەی ڕاستەوخۆیی هیزەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران گیانی لە دەست داوە.
جێگای ئاماژەیە ڕۆژی سێ شەممە ١١ی خەرمانان لە سنووری ناوچەی نەوسوود، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستڕێژ لە کۆڵبەران دەکەن و کەسێک بە ناوی حەمید حسێنی ٢٧ ساڵان خەڵکی شاهۆی سەر بە ڕوانسەر بریندار دەبێ