هونەرمەندیکی خەڵکی ورمێ دوای ١٩ مانگ بەندکران بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سەشەممە ١١ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی پەیمان میرزازادە، بەندکراوی سیاسی کورد دوای ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانە ڕەزامەندییان لە سەر ئازادی بەمەرجی ناوبراو دەربڕی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
ئەو هونەرمەندە کوردە لە حاڵیکدا ئازاد کراوە کە ١٩ مانگ لە ماوەی دوو ساڵەی حوکمی بەندکرانەکەی خۆی تێپەڕاندبوو. ناوبراو زستانی ڕابردوو بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە ئازادنەکرانی بە مەرجی خۆی، مانی لە خواردن گرتبوو.
شایانی باسە پەیمان میرزازادە ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی ڕەشەممەی ٩٧ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو کە خەڵکی گوندی ”گەنگەچین“ سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێیە، ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەرانی ساڵی پار بە تۆمەتی ”بێڕێزی بە پیرۆزییەکان“ لەلایەن لقی ١١٠ی دادگای گشتی ورمێ”وە حوکمی ٢ ساڵ بەندکران و لیدانی ١٠٠ قامچی بە سەردا سەپابوو.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو هونەرمەندە کوردە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦ی هەتاوی دەستبەسەر و ڕێکەوتی دووی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان و خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانە حوکمی ٦مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.