کۆڵبەرێک لە سنووری خۆی بە دەستی هیزە نیزامییەکانی تورکیە بریندار کرا
بە پێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤی چاونیوز ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “سێودین کەڵاشی” خەڵکی ئاوایی “گیوران” سەر بە شاری خۆی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بریندار کرا.
ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ترسی تەقەی چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی لە سنووری تورکیە هاویشتووە و هێزە نیزامییەکانی تورکیش وەک لایەنە ئێرانییەکە تەقەی ڕاستەوخۆیان لێکردووە و دەیپێکن و بریندار دەبێ و بۆ لێکۆڵینەوە و دەرمان کردنی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری وان لە باکووری کوردستان دەگوازرێتەوە.
شایانی باسە کە کوشتن و بریندار کردنی کورد لە سەر سنوورەکانی کوردستان بە دەستی داگیرکەران و بە تایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆتە دیاردەیەکی حاشاهەڵنەگر و هێزە چەکدارەکانیان ڕاستەوخۆ تەقە لە کاسبکارانی کورد دەکەن و دەیانکوژن یان برینداریان دەکەن.