وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: گەمارۆکان دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە زۆر بوارەوە بەستووە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین پەیامی تویتێرییدا ڕایگەیاندووە کە ئەو دەستە لە گەمارۆکانی ئەمریکا کە بە دەستی دوناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا خرانە سەر ئێران، وڵام و کاریگەریی باشی لەسەر ئەو ڕێژیمە بووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لەو کردووە کە گەمارۆکان، جومگە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانی تووشی شڵەژان کردووە و بەرهەمهێنان و هەناردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زۆر بوارەوە کەمتر بووەتەوە و هەروەها دەستی ئەو ڕێژیمە لە پشتیوانیی تێرۆریزم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین کەمتر بووە و وەکوو پێشتر ناتوانێ یارمەتیی ماڵی و پشتیوانیی چەک و تەقەمەنیی گروووپە تێرۆریستییەکان بکا.
لەو ڕاگەیندراوەدا لەسەر زاری ترامپ باس لەوە کراوە کە: من توندترین گەمارۆکانم لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کرد تاکوو ئەو ڕێژیمە نەتوانێ پشتیوانی تێرۆریزم بێ و ئێستا ڕەنگدانەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دیارە.
شایانی باسە کە مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین وتووێژی تەلەڤزیۆنیی خۆیدا بە ئاماژەدان بە ڕەهەندەکانی چالاکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بوارەکانی پشتیوانیی ماڵی و دارایی و ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی کارەساتێکە لەسەر جیهان و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستی تێکداوە. هەر بۆیە پێویستە کە توندرترین گەمارۆکان بخرێتە سەر ئەو ڕێژیمە تاکووو نەتوانێ وەکوو پێشو ئاژاوەگێڕیی خۆی درێژە پێ بدا.












