خۆکوشتنی لاویکی کورد لە سویس بە ناوی مەسعوود قەدیری خەڵکی بۆکان بە هۆی ڕەتکردنەوەی پەنابەریەتی ناوبراو لە لایەن ئەو وڵاتەوە بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخرای مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی پەناخوازێکی کورد بە ناوی ”مەسعوود قەدیری“ تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە کانتۆنی گڵارووسی سویس خۆی خستووەتە بەر جاددەی ئاسنی شەمەندەفەر و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو پەناخوازە کوردە، مەسعوود قەدیری کاتژمیر ٧ی شەو خۆی خستووەتە سەر ڕیگای شەمەندەفەرێک کە لە شاری زۆریخەوە بەرەو شاری ”زیگل گرۆکە“ چووە.
لە حاڵێکدا پزیشکی یاسایی سویس هیچ زانیارییەکی بە بنەماڵەی مەسعوود نەداوە تەرمی مەسعوود قەدیری ڕۆژی هەینی ٦ی خەرمانان لە شاری ”ئەنندا“ ئەسپەردە کراوە.
دەگوترێ پۆلیسی سویسی دو وحەفتە مۆڵەتیان بە مەسعوود قەدیری داوە هەتا ئەو وڵاتە جێبهێڵیت و ئەگەر ئەو کارە نەکا ئەوا دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە.
شایانی باسە مەسعوود قەدیری دوو مانگ پێش و دوای ئەوەی کە وڵامی ڕەتی وەرگرتووەتەوە، لای نزیکانی خۆی باسی لەوە کردووە کە نایهەوێ بگەڕێتەوە ئێران و خۆی دەکوژێت و ئەوانیش ئیدارەی پۆلیس و ئیدارەی پەنابەرانی کانتۆنی گڵارووسیان ئاگادار کردووەتەەوە و پاش ماوەیەک بردوویانە بۆ نەخۆپشخانە، بەڵام دوای ١٨ کاتژمێر مرەخەسیان کردووە و ڕایان نەگرتووە.
هەرچەند ٧ ڕۆژ لە خۆکوشتنی ئەو پەناخوازە کوردە تێدەپەڕێت، بەڵام هەتا ئێستا هیچ میدیایەکی ئەو وڵاتە هەواڵی خۆکوشتنی ناوبراویان بڵاو نەکردووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە مەسعوود قەدیری دوو ساڵ پێش وەکوو پەناخواز ڕووی لە وڵاتی سویس کردبوو و دوومانگ پیش دۆسیەی پەناخوازییەکەی لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی ئەو وڵاتەوە ڕەد کرابوویەوە.












