سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زەوی و خانووی هاوڵاتیانی بەلەدەستی دێولان داگیر دەکا
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ماوەیەکە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی داوەتە داگیرکردنی زەوی و زار و تەنانەت خانووی هاوڵاتیانیش لە ئێران و بە تایبەت لە خووزستان و کوردستان.
هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەک لەمەو بەر بەکرێگیراوانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ئاوایی بەلەدەستی دێولان چەندین هێکتار زەوی و زاری خەڵکیان داگیر کردووە و ئێستاش گوشاریان خستۆتە سەر ئەو ئاواییە کە لایەک لە مزگەوتەکەیان داگیر بکەن و بیکەن بە بنکەی بەسیج و حوسەینیەی سپای پاسداران بەڵام لە گەڵ ناڕەزایەتی خەڵک بەرەوڕوو بوونە و ئەزیەت و ئازاری خەڵکەکەشیان داوە و هەڕەشەیان لە خەڵکی ئاوایی و مامۆستای ئایینی ئەو گوندە کردووە.
سایانی باسە کە هێزەکانی ڕێژیم لە پارێزگای خووزستان لە هەوڵی داگیر کردنی گوندێکدان بە ناوی ئەبولفەزل و دەیانهەوێ خەڵکەکەی لە شوێنی نیشتەجێبوون و خانوو و مڵک و ماڵ و مەزرای خۆیان کە چل ساڵە تێدا دەژین دەر بکەن و بیدەن بە بونیادی مۆستەزعەفانی ڕێژیم.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەکرێگیراوای ئەو ڕێژیمە کە دەستیان بەسەر هەموو جومگە ئابووری و سیاسییەکانی ئێراندا گرتووە و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان دزی یان بۆکردەوەی شەڕخوازانە و ئاژاوە گێڕانە لە ئێران و وڵاتانی دیکەدا خەرجیان کرد کەوتوونەتە گیانی خەڵکی گوندەکان وتەنانەت خانووەکانیشیان پێ رەوا نابینن.