سپای پاسدارانی ڕێژیم لە گوندی سەراوشارەک سەر بە شاری دێولان لە ڕیگای بەکرێگیراوانی خۆیەوە لە هەوڵی دروستکردنی پایەگا دایە و خەڵکی گوندەکەش ناڕازین.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات کوردستان ماوەیەکە کە بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە گوندی سەراوشارەک لە پارێزگای سنە هەوڵی دروستکردنی پایەگای سپای پاسداران لەو گوندە دەدەن و دەیانهەوێ بەم چەشنە زیاتر خەڵکی ئاوایی بخەنە ژێر چاوەدێرییەوە و دەستیان ئاوەڵاتر بێ بۆ دزی و گەندەڵی و ئازاری خەڵک و بە بەسیج و پاسدار کردنی خەڵکی ئەو گوندە و گوندەکانی دەوروبەری بەڵام لە گەڵ دژکردەوەی خەڵک ڕووبەڕوو بوونەتەوە و کێشە لە نێوان خەڵک و بەکرێگیراواندا تا دێ و قووڵتر دەبێتەوە.
شایانی باسە کە ناوی ئەو بەکرێگیراوانەی ڕێژیم لە ئاوایی سەراوشارەک بۆ کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات ڕەوانە کراوە و هیوادارین چیدیکە نەبنە کێشە و سەرئێشە و هۆکاری ئەزیەت و ئازاری خەڵکی سەراوشارەک و دەوروبەری.