هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی زاهدان هێرشیان کردووەتە سەر چەند ماڵ و ١٢ کەسیان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ،ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی زاهدان، کە چەند کەسیان جل و بەرگی ئاساییان لەبەر بووە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی چەند کەس لە بنەماڵەکانی کووهکن و رەئیسی و ١٢ کەس لەو بنەماڵەیانە دەسبەسەر کردووە کە چەند کەس لە دەسبەسەر کراوان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. شایانی باسە کە هۆکاری دەسبەسەر کرانی ئەو ١٢ کەسە تا ئێستا دیار نەبووە و کەس لە شوێنی ڕاگیرانیان ئاگادار نییە. هەر بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ٦ کەس لەو ١٢ کەسە دەسبەسەر کراوە منداڵ بوونە و تەمەنی یاساییان بۆ دەسبەسەرکردن نەبووە.
ئەو کەمپەینە مەدەنییە ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، دوای شکاندنی درگا و پەنجەرە و شووشەی ئەو بنەماڵانە، چوونەتە ژوورەوە و دوای لێدان و بێڕیزی و ئازار و ئەزیەتێکی زۆر، ١٢ کەسەکەیان دەسبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. هەروەک باسکرا، تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو چەند کەسە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. هەروەها ناو و ناسناوی دەسبەسەرکراوان ئاشکرا نەبووە و تەنیا کەسایەتیی یەک کەس بە ناوی حەمیدڕەزا کوهکەن ئاشکرا بووە. بنەماڵەکانی کووهکەن و ڕەئیسی، لەو پێوەندییەدا چەند جار سەردانی ناوەندەکانی ئیتلاعاتیان کردوە بەڵام بێ هەواڵ لە هۆکاری دەسبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ئەنەدامانی بنەماڵەکەیان ماونەتەوە.
شایانی باسە کە ڕۆژانە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، چەندین کەس بە تۆمەتگەلی ناڕەوا دەسبەسەر دەکرێن و زۆربەی کات بە سەپاندنی حوکمی قورس، ڕەوانەی گرتنگە و زۆر جاریش بۆ پای سێدارە دەنێردرێن