چل کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئیران داوایان لە سپای پاسدارانی ڕێژیم کردووە کە ئینتێرنێت لە ئێران سنووردار بکرێتەوە و خەڵک بە شێوەی گشتی دەستیان بە ئینتێرنێت نەگا. هۆکاری داواکاریی ئەو نوێنەرانە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک لە گرانی، نەبوونی، بێکاری و هەژاری ڕاگەیەندراوە.
گۆڤاری نیووزویک لەو پێوەندییەدا بڵاوی کردووەتەوە کە بەشێك لە نوێنەرانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی ئەوەیکە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک دیسان سەر هەڵنەداتەوە، داوایان لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە کۆنترۆڵی ئینترنێتی ئێران بە دەستەوە بگرن و چاوەدێریی بکەن. ئەو گۆڤارە ئەمریکییە لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە ئەو نوێنەرانە دەیانەوێ کۆنترۆڵی ئینتێرنێتی ئێران بسپێرنە دەستی کۆمیتەیەکی بەهێز و پێکهاتوو لە کاربەدەستانی دەسەڵاتداری ڕێژیم بە ناوی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەگەر ئەو پێشنیارە پەسەند بکرێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو نەرمئامێرە دەرەکییەکان دادەخا و پێوەندیی خەڵک بەرتەسک دەبێتەوە و بە جێگەی ناوەرۆکی ئەپلیکەیشنەکان، ماتۆڕێکی سێرچی سیخوڕی دادەنێ. نییوزویک لە درێژەدا ڕایگەیاندووە: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە ئێستاشدا داڕێژراوەی چەندین نەرمئامێر و تۆڕی کۆمەڵایەتیی وەکوو فەیسبووک و تویطێر و یووتییوبی لە ئێران داخستووە و نوێنەرەکانی مەجلیس لە هەوڵدان کە ئینستاگرامیش لە ئێران ببەستن.
هەر لەو پێوەندییەدا، نەسروڵڵا پێژمانفەر، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ دەڵێ: لە سەرانسەری جیهان، کۆنترۆڵی ئینترنێت بە دەستی هێزە نیزامییەکانە. هەروەها ئەحمەدحوسێن فەلاحی، نوێنەری مەجلیس دەڵێ: هێزە چەکدارەکانی هەموو وڵاتانی جیهان، دەستیان بەسەر کۆنترۆڵی ئینتێرنێتدا هەیە.
جێگای ئاماژەیە کە کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکدا ئینتێرنێتی ئێرانیان داخستووە و ڕێگەیان نەداوە کە خەڵک لە هێڵی ئینترنێت کەڵکوەرگرن. خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترس و تۆقاویی خۆیدا، بۆ سەرکوتی خەڵک، هێڵەکانی ئیترنێتی لە ئێران بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر داخست.