ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە مۆسکۆی پێتەختی ڕووسیە بۆ درێژەدان بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێبەرانی نیزامیی ڕووسیە وتووێژی دەکرد، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی” ئێسپۆتینک”دا ڕایگەیاند کە دوای کۆتایی هاتنی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مامەڵەی چەکوچۆڵ، کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەک و تەقەمەنی بۆ هەموو شوێنێک دەنێرێ و ڕووسیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکارییەکانیان پەرە پێدەدەن.
حاتەمی لە درێژەدا ڕایگەیاند کە هاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووسیە لە بواری بەرنامەی مووشەکیدا تەنیا دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلە. ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەکوو ئەمریکا هێرش ناکاتە سەر فڕۆکەی مەدەنی. ئەو قسانەی حاتەمی لە حاڵێکدایە کە شەش مانگ پێش فڕۆکەیەکی ئوکراینیی بە ١٧٦ کەسەوە کردە ئامانجی دوو مووشەک و ڕایگەیاند کە هەڵەی ئینسانی بووە. کار و کردەوە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە کە هەموو خەڵکی جیهان بزانن کە ئەو ڕێژیمە چەندە دژۆ مرۆڤە و چەندە مەترسیدارە. ناردنی چەک و چۆڵ، ئاژاوەنانەوە، دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، کوشتنی خەڵکی بێتاوان و هەزاران جینایەتی دیکە، بوونەتە ئادرەسی کۆماری ئیسلامیی ئێران. شایانی باسە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەنیدن جار هەوڵی دا کە گەمارۆکانی قەدەغەی هاوردە و هەناردەی چەک و چۆڵ لەسەر کۆماری ئیسلامی لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە درێژ بکاتەوە بەڵام ئەو ڕێکخراوەیە گەمارۆکانی درێژ نەکردەوە و ئەمریکا ڕایگەیاند کە مێکانیزمی ماشە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخاتە گەڕ کە پێش بە کڕین و فرۆشتنی چەک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بگیردرێ.