ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانان، سێ کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار بوون.
قانع بەهرامی کوڕی لەتیف تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سەلاسی باوەجانی، عەلی ڕەنجبەر خەڵکی گوندی میانەی مەریوان و کەسێکی دیکە بەناوی ناجی خەڵکی گوندی وەسنەی مەریوان” لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوود لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەیان لێکرا بو سەختی بریندار بوون. شایانی باسە کە ئەو سێ کۆڵبەرە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە لە سنووری نەوسوود تەقەیان لێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕوانەی نەخۆشخانەی پاوە کراون.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر و لە ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “جەعفەر ڕەمەزانی” کوڕی “محەممەد”، تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “بێهرووز مورادی” کوڕی “میرزرا”، خەڵکی “تازاوا”ی سەلاسی باوەجانی، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود پێکرا.
شایانی باسە کە پیشەی کۆڵبەری کارێکی سەخت و تاقەتپڕووکێنە و خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەبەر بێکاری و نەداری ڕوو دەکەنە ئەو کارە و زۆر کەس لەو ڕێگەیەدا گیانیان لە پێناو پارووە نانێکدا دادەنێن.