ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە دوای ئەوەیکە ئێوارەی سێشەممە لە لوبنانەوە تەقە لە هێزەکانی ئیسراییل کراوە، هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی حەماس لە غەززە و بنکەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان.
ئەو هێرشانەی ئیسرائیل دوای ئەوە ڕوویدا کە دەوڵەتی ئیسرائیل ئێوارەی سێشەممە بە خەڵکی ناوچەیەکی سنووریی ئیسرائیلی ڕاگەیاند کە لە ماڵەکنیان بمێننەوە. چەن کاتژمێرێک پێش ئەوەیکە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بنکەکانی حیزبوڵلا لە لوبنان، ڕێگەکانی هاوسنووری لوبنان و ئیسرائیل داخرابوون. ئەرتەشی ئیسرائیل دوای هێرشەکانی خۆی ڕایگەیاند کە بە مەبەستی تۆڵە سەندنەوە لە حیزبوڵڵای لوبنان، هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە و چەند بنکەیەکی لەناو بردووە. لە دریژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەرتەشی ئیسراییل بۆ وڵامدانەوە بە کردەوە تێرۆریستییانەکانی گرووپی حەماس لە غەززە کە لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا هەزاران باڵۆنی ئاگردەریان لە غەززەوە بەرەو ئیسراییل ناردبوو، هێرشی کردۆتە سەر دامەزراوەکانی گرووپی حەماس و زۆربەی دامەزراوە ژێر زەوینییەکانیانی لە ناو بردووە.
شایانی باسە کە گرووپی حەماس لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا هەزاران باڵۆنی ئاگردەری لە ئاسمانەوە ڕەوانەی ئیسرائیل کردبوو و چەند هەزار هێکتار لە زەوییەکانی ئیسرائیلی سووتاندبوو. دەوڵەتی ئیسرائیل لە وڵامدا رایگەیاند کە هەر جۆرە هێرشێکی ئەو گرووپە تێرۆریستییانە بۆ سەر خەڵکی ئیسراییل بە توندی وڵام دەداتەوە.












