باڵوێزی ئوکراین: حەسەن ڕووحانی داوای لێمان کردووە سەبارەت هۆکاری بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە بێدەنگ بین.
بەپێی دوایین هەواڵەکان، “سێرگێئی بوردی لیاک”، باڵویزی ئوکراین لە تاران لە دیدار لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکانی فڕۆکە ئوکراینییەکە کە ساڵی ڕابردوو سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک خستییە خوارەوە، ڕایگەیاند کە دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لێیان کردبو کە سەبارەت بە هۆکار و چۆنیەتیی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە بێدەنگی بنوێن و لەو بارەوە هیچ ڕانەگەینن.
ڕۆژی سیشەممە ٤ـی خەرمانان، بنەماڵەی قوربانییەکانی فڕۆکە ئوکراینییەکە لە پێش باڵوێزخانەی ئوکراین لە تاران کۆبونەوە و خوازیاری ئەوە بون کە وڵامی پرسیارەکانیان بدرێتەوە کە لە کۆتاییدا ڕیگەیان پێدرا بچنە ناو باڵوێزخانەی ئوکراین لە تاران و لەگەڵ باڵوێزی ئوکراین دانیشن.
باڵوێزی ئوکراین لە وڵامی پرسیارەکانی ئەواندا ڕایگەیاند کە چەن کاتژمێرێک دوای کەوتنە خوراەوەی فڕۆکەکە، کاربەدەستانی ڕێژیم بۆخۆیان هەواڵەکەیان بڵاو کردەوە بەڵام حەسەن ڕووحانی داوای لە ئێمە کرد کە هیچ شتێک باس نەکەین و بەڵێنی دا کە بە کاتی خۆی هەموو شتەکان باس کەن بەڵام بە پێچەوانەی بەڵێنەکانییەوە جووڵایەوە. بەپێی دوایین زانیارییەکان، بنەماڵەی قوربانییەکانی فڕۆکەکە سێ پرسیاری سەرەکییان لە باڵوێزی ئوکراین کردووە بریتییە لە چۆنیەتیی هێرش، هۆکاری درەنگ هەستاوەنەوەی فڕۆکەکە و وردەکارییەکانی خوێندنەوەی سندووقی زانیارییەکانی فڕۆکەکە لە فەرانسە، بەڵام تا ئێستا وڵامێکی ئەوتۆیان لە هیچکەس وەرنەگرتووە و دەڵێن ئوکراین و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پارە ڕێکەوتوون و لەوبارەوە نیگەرانن.