ئێران دژایهتیی خۆی لهگهڵ گرتنی كۆبوونەوەی گرووپەكانی دژبەری ڕیژیمی ئەسەد ڕاگهیاند كە بڕیارە لەم مانگەدا لە شاری “ڕیاز”ی پێتەختی عەرەبستان بەڕێوەبچێ.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، جێگری بهشی وڵاتانی عەرەبیو ئافریقایی وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوو بە هەواڵدەریی دەنگو ڕەنگی ئەم وڵاتە ڕایگەیاندوە كە گرتنی ئەم كۆبوونەوەیە “بە پێچەوانەی دهقی بەیاننامەی ڤیەن”ە و “هەر هەوڵێك كە لە چوارچێوەی ئەم بەیاننامەیەدا نەبێ لە لایەن تارانەوە پەسند ناكرێ.”
پێناخۆشبوونو دژایهتیی ئێران لە حاڵێك دایە كە ئێستێفان دی میستۆرا، نوێنەری تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەیرانی سووریە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند كە عەڕەبستانی سعوودی لە نێوەڕاست مانگی دێسامبردا، بە مەبەستی گەیشتن بە گەڵاڵەیەكی هاوبەش لەبارەی دانووستانەكانی ئاشتی لە سووریە، كۆبوونەوەیەك بە بهشداریی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە چەكدارەكانی سووریەو هەروەها بە بەشداریی دژبەرانی سیاسیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە شاری ڕیاز پێك دێنێ.
لە لایەكی دیكەوە لۆران فابیووس، وەزیری دەرەوەی فەرانسە دەڵێ هاوكاری وڵاتهکهی لەگەڵ ئەرتەشی دەوڵەتی سووریە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ داعش تەنیا کاتێک دهخرێته بهرباسو گرینگیی دهدرێتێ که بەشار ئەسەد، وەك ڕێبەری سووریە لە دەسەڵاتدا نەمابێ.
وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێكدا بۆ ڕادیۆ “فرانس ـ ئێنتێر”ی ئەم وڵاتە گوتی: لە كاتێكدا كە ئێمە لە سووریە بە ڕێگەچارەیەكی سیاسی بگەی و بەشار ئەسەدیش چی دیكە ئەرتەشی ئەم وڵاتە كۆنتڕۆڵ نەكا، دەتوانین هەوڵی هاوبەش بەدژی تێرۆریسم وەگەڕ بخەین، بەڵام تا ئەسەد ڕێبەری ئەم وڵاتە بێ مەحاڵە بتوانین ئەم كارە بكەین.