ڕوحم بەناو ڕوخساری ئەو ئێوارە بێدەنگەدا،
دەچۆڕێتەوە.
گیانی بارانێکی شێدار!!!!
بەخۆیی و مشتێ هەوەسی سەر شێتەوە
بەسەر پەڵە هەورەکانی ئاسمانی چاوەکانی ئەودا!
گوزەردەکا،
هەناسەی ئەوین لە ڕوح دا کاڵ دەکاتەوە
من لە بیر یار دەباتەوە.
*************
ئێڕە کوێیە
من نازانم لانەی دڵی تەنهای منە
یان هەرێمێکە بۆ هەڵاتینی خۆر.
ئێرە کوێیە !!
پڕیە لە گیانی وشکەڵات و مرواری پساوو.
ئێرە هەمان ڕێگەیە
کەخەونی پشکوتنی ئەوینی لێ کەو تە خوار،
کە من بوم بە ژنێکی بەژن درێژ پڕ لە ژان
لێرە بەسەر جەستەی هیلاکی مندا
تنۆک تنۆک دەچۆڕێتەوە
باران.
بەسەر شانە ماندوەکانی تەمەندا،
پڕ بوم لە تریفەی مانگ سێبەری سەوزی.
*************
ئێرە کوێیە
هەرێمێکە هەموو سپێدەیەک لە ژانی ژنانی روباردا
پێدەکەنێ!!!!
بە بۆنی خوێنی ئەوان
بی زوو دەکا
بە جەستەی ئاڵۆزاوی کچانەوە
باڵای دەگرێ،
سەما بەسەر روحی کوژراو ئەوانەوە
شێت شێت دەبێ.
لێرە لە ماڵە چکۆڵەکەی مندا بە دزیەوە
چاو شارکێن لەگەڵ ماچ و ئامێزی گەرمی یار تێکەڵ دەبن.
************
لێرە
لە پشتی دەرگاکەوە
لە کۆڵانەکانی شاردا
هەرچی تەمی ژەنگ گرتویی ژانە، دەکەوێتە سەر
هەنگاوە ماندوەکانی ئێمە.
هەناسەمان نامۆدەبێ
بۆنمان رەنگی مردنێکی ئاڵ دەگرێ،
چاوەکانمان کز کز دادەگیرسێن
ترس بەسەر دوگمەی کراسی بەرمانەوە
ڕەنگ دەگرێ،
بێ مروەتی لێمان نابێتەوە
ئێمە لە ترسدا پیر دەبین و
جانتای مردند دەکیەن شان.
ئێرە کویێە
هەرێمێکە بۆ ڕەهابوون.
کوێستان عومەرزادە
20.11.2015