ڕوحوڵڵا حوسێنیان” یەکێک لە کاربەدەستانی پلەباڵا و بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی گوماناوی مرد
ڕوحوڵڵا حوسێنیان” یەکێک لەو کاربەدەستانەی ڕێژیم بوو کە دەستی بە خوێنی هەزاران کەسی بێ تاوان سوور بووە و لە ساڵەکانی هاتنەسەر کاری ڕێژیم هەتا کاتی مردنی چەند بەرپرسیاریەتیی گەورەی هەبووە.
ناوبراو نوێنەری ڕێژیم لە خولی هەشتەم و نۆهەمی مەجلیسدا بووە و لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی هەتا کاتی مردن، سەرۆکی ناوەندی بەڵگەنامەکانی ڕێژیم بووە و هەروەها لە ناوەندە قەزایی و دادوەرییەکاندا و بە تایبەت لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و تاراندا لە کوشتنی خەڵکی بێ تاواندا دەستێکی باڵای هەبوو.
“حوسێنیان” لە دەزگای ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمدا چەندین بەرپرسیاریەتیی لەئەستۆ بووە و لە کاتی ئەو بەرپرسیاریەتییەدا لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لە ڕۆژنامەیەکی ڕێژیمدا وتبووی ئێمە خۆمان سەردەمانێک بکوژ بووین و بە شانازییەوە دانی بە جینایەتکاربوونی خۆیدا بە تایبەت کە کوشتاری دەیەی شەستدا نابوو.
“حوسێنیان” لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەڕەشەی کوشتنی لە “زەریف” وەزیری دەرەوەی ڕێژیم و “ساڵحی” سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران کردبوو و پێیانی وتبوو: “ئێوە لەسێدارە دەدەم و لە ناوەندی ناوکی ئەراکدا دەتاننێژم و چیمەنتۆتان بەسەردا دەکەم”.
هەروەها ناوبراو یەکێک لە ڕەخنەگرانی دەوڵەتی “حەسەن ڕووحانی” بووە و چەند جار ڕەخنەی توندی گرتووە و تا ئێستا هۆکاری مردنەکەی بە جوانی ڕوون نەکراوەتەوە. “محەممەد حوسێنیان” کوڕی ناوبراو ئاماژەی بە هۆکاری مردنی باوکی نەکردووە، بەڵام ڕێژیم هۆیەکەی، نەخۆشیی دڵ و هەندێ کەسیش کۆرۆنا ڕاگەیاندووە.