حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد کە لەم دواییانەدا حوکمی سێدارەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکی بێبەش کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی بنەماڵەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە شاری کامێرانەوە بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو چوون بۆ شاری سنە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی سنە مافی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ حەیدەر قربانی پێیان نەداوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی کە بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە نەداوە، بەرپرسی حیراسەتی بەندیخانە حەیدەر قوربانی بانگ کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە بە هۆی ئەوەی پشتڕاستکردنەوەی حوکمی سێدارەی ناوبراو لەلایەن دیوانی بەرزی ڕێژیمەوە لە ناو میدیاکان دەنگدانەوەی هەبووە، هەتا کاتێکی نادیار مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەت پێنادرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٩٩ حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی وڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە پەسەند کراوە و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەی ڕاگەیاندووە.
حەیدەر قوربانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەعیدی” بە تۆمەتی “بەغی” و “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو حوکمە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی لە ناو بەندیخانەی سنە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.











