ڕەحیم عەبدوڕەحیمزادە، دەرهێنەری بهتوانای شانۆ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان وێڕای ڕەخنە لە بارودۆخی شانۆ لە بۆكان گوتی، هەموو شتێك لەم شارەدا جەناحییەو دەبێ نازناوی شاری فەرهەنگو هونەر لەم شارە بستێندرێتەوە.
هاوینی ئەمساڵ شانۆی”بەرزەخ” كاری هاوبەشی گرووپی شانۆی بۆكانو وڵاتی یۆنان بە دەرهێنەریی ڕەحیم عەبدوڕەحیمزادە لە فستیواڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان پێشاندرا. قەراربوو ئەم شانۆیە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە شاری بۆكانیش پیشان بدرێتهوه، بەڵام تەنیا یەك ڕۆژو ئهویش لە گردی مێژوویی قەڵایچی پێشان درا.
ناوبراو بە هەواڵدەریی حكومەتیی “كوردپرێس”ی گوت كاربەدەستانی شاری بۆكان بۆ نواندنی ئەم شانۆیە لەم شارەدا هیچ هاوكارییان نەكردوهو، بهڵما گرینگتر لهوه ئهوهیه که هونەریش لەم شارەدا بۆتە جەناحی.
ئەم دەرهێنەرە بهتوانایهی کورد لەم بارەوە گوتی بە چەند هۆكاری ناڕوون هیچ پشتیوانییەك لەم بەرهەمە هونەرییەی ئەوان نەكراوە، لە حاڵێكدا كە لە شارەكانی دەوروبەر وەك سەقزو مەهاباد چەندین جار بانگهێشت كراونو لهو نێوهدا تەنیا كاربەدەستانی شارهکهی خۆیان، واتە شاری بۆكان ڕێزیان لێ نەگرتوونو بایەخیان بۆ هەوڵو ماندوو بوونیان دانەناوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا گوتی من لە هیچ بڕگهیهکی کاری هونهریمدا داوای یارمەتیی ماڵیم لە هیچ ناوەندو ئۆرگانێكی دهوڵهتی نەكردوەو ناشیكەم، چونكە بەڕای من پلەی هونەرمەند زۆر لەوە زیاترە كە قاپی سواڵ بەدەستەوە بگرێو لێرهو لەوێ داوای پووڵ بكا، لە ڕاستیدا من هیچكات ئەم شانو شكۆیەم بە كەم نەگرتووە تا بەم داواکردنهوه خۆم سووك بكەم، بەڵام خۆ ئەگەر هاوكارمان نین لانیكەم دەبێ ڕێگریشمان لێ نەكەنو ههر هیچ نەبێ ڕێزمان لێ بگرن، چونكی ئەوە مافی ئێمەیە كە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بۆ شارەكەی خۆمان تێدەكۆشین.
ڕەحیم عەبدوڕەحیمزادە، كارناسیی شانۆی لە زانكۆی “تەربیەت مودەریس” وهرگرتوهو ماوەی ٢٢ ساڵە خەریكی كاری هونەرییە، ناوبراو دهرهێنهری زیاتر لە ٢٥ شانۆ بووەو لە فستیڤاڵە جۆراوجۆرە سهراسهریو نێودەوڵەتییەكاندا چالاكانە بەشداری كردوه.
ئهو ماوەی ١٧ ساڵە گرووپی شانۆی كانی، یەكێك لە ناسراوترین گرووپە شانۆییەكانی ئێران له کوردستانو ڕۆژاوای ئهو وڵاتهی دامەزراندووە.