کۆڕی خوێندنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌کانی سه‌ید قادر هیدایه‌تی له ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆکان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌و کۆڕه ئه‌ده‌بییه‌دا که ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی سەرماوەزو به‌به‌شداریی بەرچاوی هۆگرانی ئەدەبی کوردی به‌ڕێوه‌چوو، فەتاح ئەمیری، سولەیمان عەبدولڕەحیم‌زاده، عەزیز مەحموودپوورو عەلی غوڵامعەلی له سه‌ر ڕۆمانه‌کانی سه‌ید قادر هیدایه‌تی قسه‌یان کرد.
له‌و کۆره ئه‌ده‌بییه‌دا سه‌ره‌تا جه‌ماڵ نه‌ججاری باسێکی له به‌رنامه‌و پڕۆژه‌کانی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆکان بۆ وه‌رزی زستان کرد‌و دواتر سەید قادر هیدایەتی چەند قسه‌یه‌کی له‌سه‌ر پەیوەندی نێوان بەرەی رابردوو و ئێستای ئەدەبیات کرد‌و پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرت‌و کە نەبوونی ئەو پردی پەیوەندییه کاریگەریی خراپی لەسەر رەوتی ئەدەبیات هەیه.
لە درێژەی بەرنامەکەشدا کۆڕگێڕه‌کان بابەتەکانی خۆیان پێشکێش کرد.
فەتاح ئەمیری، نووسه‌رو رۆمان نووس باسەکانی لەسەر پێکهاتەی زمانیی رۆمانەکانی سەیدقادر چڕ کردەوەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم نووسەرە زۆر به باشی لە زەرفییەتەکانی زمان بۆ نووسین کەڵکی وەرگرتووە. فه‌تاح ئەمیری هەروەها باسی لە جۆریک سادەنووسی لە کارەکانی هیدایەتیدا کرد و جەختی کردەوە کە سادەنووسی خاڵێکی پۆزێتیڤهو ئەگەر نووسەر به ئاگاهییەوە ئەو خاڵە ڕەچاو بکا به دڵنیاییەوە دەقی سەرکەوتوو بەرهەم دێنێ‌و وەک نموونەی بەرچاوی ئەو شێوازه نووسینه ئاماژەی به نووسراوەکانی سادق هیدایەت کرد.
سولەیمان عەبدولڕەحیم‌زاده، چیرۆک‌نووس دوای پێناسەیەکی کورتی بەرهەمەکانی سەید قادر هیدایەتی په‌ڕژایه سەر “گابۆڕ”، دوایین رۆمانی ئەو نووسەره. عەبدولڕەحیم‌زاده لە بەشی یەکەمی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەرهەمه دەکەوێته خانەی ئەدەبیاتی مێرمنداڵان‌و لەو سۆنگەیەوەیه کە دنیای رۆمان بۆمان دەدوێ. ئه‌و لە درێژەی قسه‌کانیدا ئاماژەی به خاڵه بەهێزەکانی ئەو رۆمانه کرد‌و بۆ وێنه بوونی چەند دەنگی، خولقانی کەسایەتیی سەربەخۆ و هەروەها سەمیمییەتی فەزا و جۆری گێڕانەوە. عەبدولڕەحیم‌زاده لە کۆتایی باسەکانیدا ئاماژەی به چەن خاڵی لاوازی ئەو بەرهەمه کرد بۆ وێنه کەلکوەرگرتنی نابەجێ لە تکنیکی مۆنتاژ موازی.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی کۆڕه‌که‌دا عەزیز مەحموودپوور، چیرۆک‌نووس، تێبینی‌و سەرنجی خۆی لەسەر رۆمانی “تۆقی عەزازیل” لە دووتوێی وتارێکی نووسراوەییدا پێشکەشی ئامادە بووان کرد.م ەحموودپوور لەو وتارەدا دوای شەنو کەو کردنی بەشە جیاجیاکانی ئەو رۆمانه باسی لە دەسەڵاتی زمانیی ئەو بەرهەمه کرد.
عەلی غوڵامعەلی، چیرۆک‌نووس، وەک دوایین وتاربێژ سەرەتا باسی پێکهاتەی زمانیی رۆمانی “گابۆڕ”ی کرد کە دەروەستی زمانێکی پەتیو پاراو نییه و زۆر به جوانی لە ئیدیۆمو دەستەواژەگەلی فۆلک کەڵکی وەرگرتووە و هەر ئەوەشە کە بۆته هۆی ئەوەی کەسایەتییەکان هەر یەکه و به راوێژی خۆی لەو رۆمانەدا دەور بگێڕن.
غوڵامعەلی هەروەها به پێچەوانەی عەبدولڕەحیم‌زادە پێی وابوو کەڵک وەرگرتنی نووسەر لە تکنیکی مۆنتاژ موازی یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەو رۆمانەیه.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆکان