ئه‌فسانه بایه‌زیدی، خوێندكاری به‌ندكراوی كورد، به بڕیاری دادگای شۆڕشی شاری مه‌هاباد سزای ٢ ساڵ زیندانی ته‌عزیریی به‌سه‌ردا سه‌پا. ئه‌و پاش دادگایی كردن‌و یه‌کلابوونه‌وه‌ی حوكمه‌كه‌ی بۆ زیندانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران له بۆكان گواسترایه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی كه‌مپه‌ینی به‌رگریی له به‌ندكراوانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی، ئه‌فسانه‌ی بایه‌زیدی، خوێندكار‌و چالاكی مه‌ده‌نی له لقی یه‌كی دادگای شۆڕشی شاری مه‌هاباد به سه‌رۆكایه‌تیی قازی جه‌وادی كیا به تۆمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌ی دژی ڕێژیم‌و بێڕێزی كردن به ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران دادگایی كرا‌و سزای ٢ ساڵ زیندانی تهعزیریو دوورخراوه‌یی بۆ به‌ندیخانه‌ی كرماشان به‌سه‌ردا سه‌پا.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته ناوبراو مافی گرتنی پارێزه‌ری نه‌بووه. بایه‌زیدی ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی خستبوویانه پاڵی حاشای له هه‌موویان کردوه‌و هیچ كامیانی وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتووه. ئه‌و پاش یه‌کلابوونه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌که‌ی دووباره بۆ زیندانی ئیتلاعاتی سپا له بۆكان گواستراوتهوهو تا ئێستا بۆ به‌ندیخانه‌ی كرماشان به‌ڕێ نه‌کراوه.
ئه‌فسانه بایه‌زیدی مانگی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٩٤، له زانكۆی مه‌راغه ده‌ركرا. ئه‌و به هۆی چالاکییه‌کانی به بڕیاری ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کان بۆ زانكۆی په‌یام نووری مه‌راغه گواسترایه‌وه‌و له ئاكامدا به هۆی به‌رده‌وامیی چالاكییه‌كانی له‌و زانكۆیه‌ش ده‌ركرا.