حوسێن شۆخکەمان، هونەرمەندی نەتەوەیی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
حوسێن شۆخکەمان کە یەکێک بوو لە برایانی زێزێ، رۆژی ٢ی سەرماوەز، بە هۆی پیریو نەخۆشی لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا حسین شۆخکەمان، کوڕی میرزا شوکروڵڵا، ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە شاری سەقز و لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست لە دایک بوو. ئهو لە ژێر سەرپەرەستیی براگەورەکەی “عەلی شۆخکەمان” دەستی بە کاری هونەری کردو گروپی هونەریی “برایانی زێزێ”یان پێکهێنا کە لەو گروپەدا حوسێن وەک خۆشخوێنو ژەنیاری نایە، تەپڵو دایرە لە ئاهەنگو بۆنەکاندا بەشدار دەبوو.
لە ماوەی تێکۆشانی هونەرییاندا، برایانی زێزێ دەیان ئاوازو گۆرانیی فۆلکلۆریان زیندوو کردەوەو گۆرانیی نوێیان بە سفرەی رەنگینو دەوڵەمەندی موسیقاو هونەری کوردی زیاد کرد. گۆرانیەکانی برایانی زێزێ، لەوانە ئای بۆ هەلامە، شەمامەو خاڵخاڵ، خەنەبەندانو گەلێکی دیکهی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بڕیو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانو تەنانەت لە ئاهەنگو بۆنە ئێرانییەکاندا خوێندرانو دەنگیان دایەوە.
حوسێن خۆشکەمان جگە لەو گۆرانییانەی ئاهەنگو شاییو زەماوەندەکانی پێ دەڕازاندەوە، کۆمەڵێک گۆرانیشی لە رادیۆکانی کرماشان، سنەو ورمێدا تۆمار کردوەو وەک میراتێکی هونەریو گەنجینەیەک لە ئاوازو گۆرانیی کوردی بۆ نەتەوەکەی بە جێ هێشتوە.