کاک “مەهدی شەفیعی” ناسراو بە مەهدی بامناوایی پێشمەرگە و فەرماندەی خۆڕاگر و دیاری حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەڵکی بامناوای ناوچەی لەیلاخ کۆچی دوایی کرد.
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی کاک مەهدی شەفیعی ناسراو بە مەهدی بامناوایی، خەڵکی گوندی بامناوای ناوچەی لەیلاخ دوای چل ساڵ خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگانە و دەستوپەنجە نەرمکردن لەگەڵ مەرگ لە سلێمانی و بە هۆی نەخۆشی، چاوە پڕ لە تاسەکانی و دڵە پڕ لە ئاواتەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک مەهدی بامناوایی لە ماوەی چل ساڵ خۆڕاگری و خەبات و تێکۆشانی بێوچاندا بەوپەڕی دڵسۆزی و بوێرییەوە لە ڕۆژە سەخت و دژوارەکانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هەتا ڕۆژی ماڵاوایی لە پلەی پیرۆزی پێشمەرگایەتی تا چەندین پلەی بەرپرسایەتیی وەکوو جێگری پەل، سەرپەل، سەرلک، فەرماندەی دەستەی کۆماندۆ و ئەندامی کۆمیتەی شارستانی سنە، بەشی ئەمنیەت و تەشکیلاتی حیزب کار و ئەرکی بەڕێوە بردوە و بە دژی داگیرکەری خاک و نیشتمانەکەمان وەستاوەتەوە، چەندین جار بە سەختی بریندار بووە و دەرمانخواردیش کراوە، بەڵام بۆ چرکەیەکیش کۆڵی نەداوە.
تەرمی پیرۆزی کاک مەهدی بامناوایی بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بەڕێزیان لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای داخ و پەژارەی یەکجار زۆری خۆمان بۆ کۆچی دوایی فەرماندە چنگ بە گڕ و ئازاکەی دێموکرات سەرەخۆشی لە هاوسەنگەرانی نەمر کاک مەهدی، بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاری، هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ناوچەی لەیلاخ و بامناوا و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی نەتەوە و نیشتمانەکەمان دەکەین و سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی ئەو تێکۆشەرە ماندوونەناسەی گەلەکەمان.
یادی هەرمان و ڕێگای خەباتی ئاوەدان و پڕ ڕێبوار.