به‌شدارانی به‌ڕێز :
ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست:
جێی خۆیه‌تی به‌ر له هه‌موو شتێک سڵاو بنێرین بۆ گیانی پاکی ئه‌و ژنانه‌ی که خۆیان کرده قوربانی بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی ئازادیی ژنان و له نێو هه‌مووشیاندا خوشکانی میراباڵ که بوون به پێشه‌نگی خه‌باتی یهکساینی ژن و پیاو له سه‌رده‌می خۆیاندا.
به‌ڕێزان:
توندوتیژی ئه‌و دیارده نامرۆڤانه‌یه که له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکان به‌رچاو ده‌که‌وێ، له لایه‌ن تاکه‌کانی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک له سه‌رده‌م و کاته جیاوازه‌کاندا به بیانووی ناره‌واو دوور له هه‌موو به‌هایه‌کی مرۆڤایه‌تی، ئایینی، ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی به‌کاردێت. ئه‌م دیارده‌یه هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی مرۆڤایه‌تی وهاتنی ئایینه‌کان زۆر و که‌م هه‌بووه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێرامانه به کۆیله کردنی مرۆڤه‌کان به هه‌ردوو ره‌گه‌ز، زینده‌به‌چاڵ کردنی منداڵی کچ له سه‌رده‌می جه‌هاله‌ت دا‌و پاشانیش زاڵبوونی بیری پیاوسالاری له‌ناو کۆمه‌ڵگا جیاوازه‌کاندا هه‌ر به‌رده‌وامه.
توندوتیژی دژی ژنان یه‌کێک له بلاوترین جۆره‌کانی توندووتیژییه، به‌تایبه‌ت له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی له بواری ئابووری دواکه‌وتوون و دابونه‌ریته کۆنه‌کان وه‌ک خۆیان ماون یان ئه‌و ولاتانه‌ی ئایینیان تێکه‌ل به سیاسه‌ت کردوه هه‌ر به‌و هۆیه‌وه له‌مپه‌ری زۆریان له‌به‌رده‌م ژنان داناوه‌و به که‌یفی خۆیان ئایین به‌کار دێنن بۆ به‌دیهێنانی مه‌رامه‌کانی خۆیان وه‌ک له رێژێمی کۆنه‌په‌رستی ئێران‌دا ده‌بیندرێ که له سه‌ره‌تایترین مافه‌کانی وه‌ک هه‌لبژاردنی جل وبه‌رگ مەحروومن و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی خۆی پراکتیزهتر بکات په‌نا ده‌باته به‌ر جۆره‌ها توندوتیژی وه‌ک ترس وتۆقاندن یان ئه‌سید پرژاندن به روخساری ژناندا یا ناچارکردنیان به به‌کارهێنانی مه‌وادی هۆشبه‌ر یا موخه‌ده‌ر، ئه‌وه جگه له توندووتیژییه شاراوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا که به‌شاراوه‌یی ده‌مێننه‌وه بۆپاراستنی ئابرووی بنه‌ماله.
نموونه‌یه‌کی تری ده‌وله‌تی به‌ناو ئیسلامی (داعش)که بۆ دوو ساڵ ده‌چێ به‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی گرتووه، ده‌وله‌تێک به ته‌واو مانا درنده جۆره‌ها توندوتیژی دژ به مرۆڤی تاقی کردۆته‌وه له‌و نێوه‌شدا ژنان قوربانی یه‌که‌من، به سه‌ربرین و زیندهبهچالهوه نه‌وه‌ستا ویاسای زه‌واجی(نیکاحی) به‌سه‌ردا جێبه‌جێ کردن که به‌هۆی ئه‌و یاسایه هه‌ر ژنێک یا کچێک له ماوه‌ی یه‌ک رۆژدا له‌چه‌ند که‌س ماره ده‌کرێت و ته‌لاق ده‌درێت، یا سه‌ربرین و گوولـله باران کردنی مێرد‌و رۆله‌کانیان به پێش چاوی خۆیانەوە و …هتد.
یه‌کێکی تر له جۆره‌کانی توندوتیژی دژ به ژنان ئامێره‌کانی گه‌یاندنه جا به‌هۆی ئامێری مۆبایله‌وه بێ یا ئه‌نته‌رنێت….تا دوایی، که له‌و رێگه‌یه‌وه چه‌ندین ژن توشی کێشه‌ی گه‌وره و یا لێدان و ته‌نانه‌ت گیان لێ ئه‌ستاندن بوونه‌ته‌وه، بۆیه تا ته‌کنه‌لۆژیا پێش بکه‌وێ جۆره‌کانی توندوتیژی زۆرتر ده‌بن دژ به ژنان، ئه‌گه‌ر یاسایه‌ک په‌یڕه‌و نه‌کرێ بۆ پاراستنی ئه‌منیه‌تی ژنان له‌و بواره‌دا.
سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌یه‌ها رێکخراوی ژنان و بوونی ڕێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به مافه‌کانی مرۆڤ و سه‌ره‌رای ده‌رچوونی چه‌ندین گۆڤار‌و نامیلکه و بوونی چه‌ندین به‌رنامه‌ی تیڤی بۆ وشیارکردنه‌وه‌ی خه‌لک بۆ نه‌هێشتنی تووندوتیژی، به‌لام به‌داخه‌وه تووندوتیژی هه‌ر به‌رده‌وامه‌و هه‌ر رۆژه‌و به شێوازێکی نوێتر ده‌رده‌که‌وێ.
به‌هۆی خه‌بات وتێکۆشان و هه‌وڵدانی بزووتنه‌وه‌ی جیهانی ژنان بۆ جه‌خت کردنه‌وه له‌سه‌ر گرنگیی به‌ستنه‌وه‌ی کێشه‌کانی مافه‌کانی ژنان به کێشه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ ودانانی توندوتیژی دژ به ژنان به پێشێل کردنی به‌هێز بۆ مافه بنه‌ره‌تیه‌کانیان، له هه‌وڵێکدا بۆ رۆشنایی خستنه‌سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه و به‌کارهێنانی سه‌رجه‌م ئامرازه‌کان بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی ساڵانه هه‌ڵمه‌تێکی جیهانی به‌رفراون به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌ناوی هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژبهژنان که له ساڵی ١٩٩١وه ده‌ستی پێکردوه دیاریکردنی ٢٥ نۆڤه‌مبری هه‌موو ساڵێک به رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م جۆره‌کانی توندوتیژی دژ به ژنان بۆ پشتگیرییه له نه‌هێشتنی توندوتیژی له دژیان بۆیه له‌و رۆژه‌دا له سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان ئه‌و هه‌ڵمه‌ته به شێوه‌ی جۆراوجۆر و جیاواز ده‌ست پێده‌کات بۆ وشیار کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له هه‌موو جۆره‌کانی توندوتیژی و کارکردن بۆ نه‌هێشتنیان.
به هیوای هاتنه‌دی کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسان و دادپه‌روه‌ر بێ جیاوازی بۆ هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا.
یه‌کییه‌تی ژنانی دیموکراتی کوردستان
٢٥ نۆڤه‌مبری ٢٠١٥