کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ سەفەرەکەی مستەفا کازمی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو.
لەگەڵ کشانەوەی کاروانی هیزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئەلتاجییەوە، تەقینەوەیەک لە ڕێگای سەرەکیی نێوان بەغدا و ناوچەی ئەلغەزالییە هاتە ئاراوە کە سەرچاوەکان دەڵێن هیچ زەرەرێکی گیانیی نەبووە و زەرەری مادیی تەقینەوەکەش کەم بووە. جیگای ئاماژەیە سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە هیزەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی کۆمپانیای جیبەجیکارییەوە کەرەستە و ئامێر و کەلوپەلەکانی خۆیان گواستووەتەوە. تا ئێستا دیار نەبوە کە دانانی ئەو تەقینەوەیە کاری چ لایەنێک بووە. شایانی باسە کە مستەفا کازمی دوای گەڕانەوە لە ئەمریکا و دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمریکایی لە کۆتاییدا ڕەزامەند بوون و سەبارەت بە چەندین پرسی ئابووری و ئەمنی و لە هەموویان گرینگتر، چەکداماڵینی هێزە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق باس کرا.
دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش، ئەمرۆ ناوەندی فەرماندەیی هاو بەش ڕایگەیاندووە کە هیزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەچنە دەرەوە.
جێگای ئاماژەیە لە گرینگترین بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق دەتوانین ئاماژە بە بنکەکانی ئەلتاجی لە باکووری بەغدا، فڕۆکەخانەی بەغدا، بنکەی بەلەد لە ناوچەی سەلاحەددین، بنەکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی کەی وان لە کەرکووک و بنکەی حەریر لە هەولێر بکەین.












