ناوەندیی ئاماری ئێران، داتاکانی پەیوەست بە ڕێژەی هەڵاوسانی لە مانگی خەرمانان بڵاوکردەوە.
بەپێی ئاماری ئەو ناوەندە رێژەی هەڵاوسان لە خەرمانانی ئەمساڵ بەراورد بە خەرمانانی ساڵی رابردوو بە رێژەی ٪30.4 بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ 30.4٪ بەو واتایەیە کە هاووڵاتیانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تێکڕا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بە رێژەی 30.4٪ پارەی زیاتریان خەرجکردووە بۆ کڕینی دەستەیەک لە کاڵا و خزمەتگوزارییە دەستنیشانکراوەکان.
هەروەها رێژەی هەڵاوسان لە ئێران لە مانگی خەرمانان بەراورد بە مانگی پێشتر، پووشپەر، بە رێژەی 3.5٪ زیادیکردووە.
لە ئاستی مانگانەدا نرخی ماددە خۆراکییەکان و جگەرە بە رێژەی 5٪ بەرزبووەتەوە و نرخی ماددە ناخۆراکییەکانیش بە رێژەی 2.8٪ لە ماوەی مانگێکدا بەرزبووەتەوە.
دابەزینی بەهای تمەن بەراورد بە دۆلاری ئەمریکا، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان لە ئێراندا. گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و دزی و گەندەڵی بەرپرسانی ڕێژیم و سیاسەتی شەڕخوازی و ئاژاوەگێڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەی تێکداوە و ژیانی هاووڵاتیانیشی قورس کردووە و تا ڕاددەی قەیران لە هەموو بوارێکەوە ژیانی خەڵکی تێکداوە.