دایە شەمسی هیممەت خا، دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات و رێگای رزگاری گەلی کورد لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ٣١ی گەلاوێژ دایە شەمسی هیممەت خا، دایکی شەهیدان جەماڵ و جەلال پیرزادە لە تەمەنی هەشتا ساڵی و لە نەخۆشخانەی بیعسەتی شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
دایە شەمسی تا دوا هەناسەی ژیانی وەفادار بە رێبازی کوڕە شەهیدەکانی مایەوە و شانازیی بەوە دەکرد کە دوو جگەرگۆشەی لە رێگای رزگاری و سەربەرزی نەتەوەکەیاندا شەهید بوون. بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا کە بەرهەمی رەنج و تێکۆشانی کوڕە شەهیدەکانی و هەموو شەهیدانی کوردستان بە چاو ببینێ و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لێکردین.
شەهید جەماڵ پیرزادە ساڵی ١٣٣٧ لە شاری سنە لە دایک بووە، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران دەبێتە پێشمەرگە و لە بەر لێهاتوویی دەبێتە سەرپەلی پەلێک لە پێشمەرگەکانی شاری سنە، دواترساڵی ٥٩ لە کاتی هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، لە شەڕی ٢٤ رۆژەی ناو شاری سنە شەهید دەبێ و دەچێتە ریزی کاروانی نەمرانی گەلەوە.
شەهید جەلال پیرزادە ساڵی ١٣٣٩ لە شاری سنە لە دایک بووە و دوای شۆڕشی ئیران دەبێتە پێشمەرگە. شەهید جەلال ٢٨ی رێبەندانی ساڵی ١٣٦١ لە شەڕێکی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاوایی تەجەرەی ناوچەی سنە لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەی دوای بەرگرییەکی قارەمانانە و شەڕێکی چەند سعاتەی دەکەوێتە داوی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و بە شێوەیەکی دڕندانە وێڕای چەند هاوڕێیەکی دیکەی، بە دەستی هێزەکانی سپای پاسداران شەهید دەبێ و پەیوەست بە کاروانی شەهیدانی کوردستان دەبێ.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەداخ بوون بۆ کۆچی دوایی دایە شەمسەی هیممەت خا سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.