ژنێک لە سەقز بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی خۆی کوشت. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە سێهەمین کەسە کە لە شاری سەقز بەهۆی خۆکوشتنەوە کۆتایی بە ژیانی دەهێنێ.
بەپێی هەواڵی چاونیوز ڕۆژی هەینی ٣١ی گەلاوێژی ١٣٩٩، کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی “شیوا خۆڕەمی” خەڵکی گوندی “سماقلوو”ی ناوچەی سەرشیوی سەقز، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە خۆی کوشت. چەند ڕۆژ پێشتریش ژنێک بە ناوی “چیمەن فەرەحیان”، تەمەن ٢٢ ساڵ، هەر بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی کۆتایی بە ژیانی هێنابوو. هەر لە حەوتووی ڕابردوودا لە شاری هەرسینیش ئەفسەرێکی ئەرتەش بە ناوی پویا پاکیار بە خواردنی بڕێکی زۆر مێتادۆن خۆی کوشتبوو.
“چاونیوز” ڕایگەیاندوە کە لە هاوینی ئەمساڵدا لانیکەم 45 کەس لە کوردستان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە کە بە داخەوە هەوڵی لانیکەم ٢٧ کەس لەوان سەرکەوتوو بووە.