حوکمی ئێعدامی محێدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی “ئاڵکاوێـ”ـی شاری شنۆ، لە لقی ١٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.
محێدین ئیبراهیمی ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووهەم بە تۆمەتی “بەغی” و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە و هەمان ڕۆژ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.
محێدین ئیبراهیمیی تەمەن ٤٢ ساڵ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەسترێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.
محێدین لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٧ بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی هاوکاوی و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
جێی باسە کە لە مانگی بانەمەڕی ١٣٩٦ برایەکی محێدین بە ناوی نورەدین کە کۆڵبەر بوو، لە ناوچەی شابتانی کێلەشین بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی گیانی لەدەست دا، هەروەها محێدین ساڵی ١٣٨٩ بە تۆمەتی پێوەندی دەگەڵ ئەحزابی کوردی دژبەری ڕێژیم بۆ ماوەی ١١ مانگ لە زینداندا بووە.