ڕێکخراوی ناحکوومیی هەواڵنێرانی بێسنوور، داوا لە جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا کە لە زووترین کاتدا سەردانی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکا.
ڕەزا موعینی، بەرپرسی بەشی ئێران و ئەفغانستان لە ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو دەسەڵاتانەیە کە بە خراپترین شێوە ئازادیی ڕادەربڕین سەرکوت دەکا و سەبارەت بە گشتگیریی پەتای کۆرۆنا هەموو ئامارەکانی بە هەڵە بڵاو کردووەتەوە.
موعینی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەپێی نوێترین ئامارەکان، ناکرێ لەهەمبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەبارەت بە دۆخی زیندانییەکان بەتایبەت ڕۆژنامەوانان بێدەنگ بین. ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە داوا لە جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە چاوەدێری بەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەکا، تاکوو سەردانێکی زیندانەکانی ئێران بکا و لە دۆخی زیندانییەکان ئاگادار بێ.
هەروەها پزیشکێکی کارمەند لە یەکێک لە زیندانەکانی تاران کە ناوی ئاشکرا نەبووە بە ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوری ڕاگەیاندووە کە دۆخی زیندانەکانی تاران لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بە هیچ شێوەیەک باش نییە و هیچ جۆرە ئیمکاناتێکی تەندروستی لە زیندانەکاندا نییە.
پێشتر ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندبوو کە حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگەی نەداوە کە دەرمان و پێداویستیی بەشی تەندروستیی زیندانەکان بە دەستی زیندانییەکان بگا و ڕیگریی لە قەرەنتینەی زیندانییەکان کردووە کە ئەوەش بەش بە حاڵی خۆی، بوەتە هۆی تێکدانی دۆخەکە.