مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا ئامادەیە پێش بە ڕووسیە و چین بگری تاکوو گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشێل نەکەن.
ئەو قسانەی مایک پۆمپێئۆ یەک ڕۆژ دوای وەگەڕخستنی مێکانیزمی ماشە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر ئێرانە.
پۆمپێئۆ ڕۆژی هەینی ٣١ـی گەلاوێژی ٩٩ هەتاوی لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فاکس نییووز ڕایگەیاند کە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پشتیوانیان لە ئەمریکا نەکردووە و ئەوە جێگای نیگەرانییە. جێگای ئاماژەیە کە هەوڵی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە بواری قەدەغەکردنی فرۆشی چەکوچۆڵ لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە ڕووسیە، چین و وڵاتانی ئورووپایی دژکردەوەیان لە هەمبەر ئەو بڕیارە نیشان دا.
شایانی باسە کە پێشتر کێلی کرێفت، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی باسی لەوە کردبوو کە وڵاتانی ئورووپایی ئەمریکایان شەرمەزار کردووە و هیچ پشتیوانییەکیان لە گەلاڵەکەی ئەمریکا نەکردووە.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ناتوانین چاوەڕێ بین تاکوو جیهان لە ڕێکەوتی ٢٧ـی ڕەزبەر بزانێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێرن گەمارۆی کڕینی چەکوچۆڵی لەسەر لادەچێ و ڕووسیە و چین چەک و تەقەمەنیی پی دەفرۆشن و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵآتی ناوەڕاست بڵاوی دەکاتەوە و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو ڕێژیمە زیاتر دەبێ.












